دواین هەواڵ

جیهان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

پزیشکیان: "دوژمن لە مەیدانی سەربازی شکستی هێنا و ئێستا پەنای بۆ تێکدانی ئابووری بردووە"

هەرێم نیوز
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، هۆشداریی لە گۆڕینی ستراتیژیی نەیارانی وڵاتەکەی دەدات و ڕایدەگەیەنێت، کە تاران ڕووبەڕووی شەڕێکی دارایی و ئابووریی قورس بووەتەوە.

پزیشکیان لە نوێترین لێدوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی "دوژمنان" لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیدا نەیانتوانی ئامانجەکانیان بپێکن و سەرکەوتوو نەبوون، ئێستا هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ تێکدانی ڕەوشی دارایی و تێکدانی ژێرخانی ئابووریی ئێران. جەختیشی کردەوە کە پێویستە گەل بە ڕۆڵی خۆیان ئەم پیلانە نوێیە پووچەڵ بکەنەوە.

سەرۆک کۆماری ئێران باسی لەوە کرد کە وڵاتەکەی لەم قۆناغەدا پێویستی بە جوڵەیەکی گشتگیری جەماوەری هەیە. ناوبراو داوای کرد:
• چاکسازیی ڕیشەیی لە شێوازی بەکارهێنانی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بکرێت.
• بەشداریی کۆمەڵایەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان بەهێزتر بکرێت.
مەسعود پزیشکیان ئەوەشی خستەڕوو، هەرچەندە هێزە چەکدارەکان ئەرکی خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی دوژمن بە باشی جێبەجێ دەکەن، بەڵام ئێستا نۆرەی خەڵکە کە لە مەیدانی ئابووریدا پشکی خۆیان هەبێت.

داوای لە هاووڵاتییان کرد لە ڕێگەی "دەستپێوەگرتن و میانداری لە بەکارهێنانی وزەدا"، هاوکاری حکومەت بن بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە.

ئەم لێدوانانەی پزیشکیان لە کاتێکدایە کە ئێران بەهۆی سزاکانی ئەمریکا و گرژییە سەربازییەکانی دوای ٢٨ی شوباتی ڕابردوو، ڕووبەڕووی ئاڵۆزیی زۆر بووەتەوە لە بازاڕی دراو و دابینکردنی وزەدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP