دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

ئێران پێنج مەرج بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دادەنێت

هەرێم نیوز

ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی ئێرانی، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، کە تاران بەبێ جێبەجێکردنی پێنج مەرجی سەرەکی بۆ دروستکردنی متمانە، ئامادە نییە بچێتە قۆناغی دووەمی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، مەرجەکانی ئێران بۆ چوونە ناو هەر گفتوگۆیەکی نوێ بریتین لە:
١- کۆتاییهێنان بە شەڕ: ڕاگرتنی شەڕ لە هەموو بەرەکان، بەتایبەتی لە وڵاتی لوبنان.
٢- هەڵگرتنی سزاکان: لابردنی تەواوی گەمارۆ و سزا ئابورییەکانی سەر ئێران.
٣- ئازادکردنی داراییەکان: گەڕاندنەوەی تەواوی سەروەت و سامانە بلۆککراوەکانی ئێران لە دەرەوە.
٤- قەرەبووکردنەوە: پێدانی قەرەبووی زیانە ماددی و مرۆییەکانی نێو شەڕەکە.
٥- سەروەریی گەرووی هورمز: داننان بە مافە سەروەرییەکانی ئێران لە گەرووی هورمز و دەستوەرنەدان لە ڕێکارە یاساییەکانی تاران لەو ناوچەیە.

سەرچاوەکە ئاشکرای کردووە کە تاران لە ڕێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە واشنتنی ئاگادار کردووەتەوە، کە بەردەوامبوونی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست، متمانەی ئێرانی بە دانوستانەکان بە تەواوی لاواز کردووە. لایەنی ئێرانی جەخت دەکاتەوە کە ئەم مەرجانە "کەمترین ئاستی متمانە" پێکدەهێنن و بەبێ جێبەجێکردنیان، هیچ دانوستانێکی نوێ ئەنجام نادرێت.

ئەم هەڵوێستە توندەی ئێران دوای ئەوە دێت کە تەنیا خولی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات، کە لە ١١ بۆ ١٣ی نیسانی ڕابردوو لە ئیسلام ئاباد بەڕێوەچوو، بێ ئەنجام کۆتایی هات.

لە کاتێکدا ئێران جەخت لە هەڵگرتنی سزاکان دەکاتەوە، واشنتن بەردەوامە لە هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ سەر تاران، ئەمەش دۆخی ناوچەکەی بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر بردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP