هەرێم نیوز
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دەوڵەتی کوەیتی بە نانەوەی ئاشووب تۆمەتبار کرد دوای دەستگیرکردنی چوار هاووڵاتی ئێرانی، لە بەرانبەریشدا کوەیت دەڵێت ئەو کەسانە ویستوویانە کاری دوژمنکارانە ئەنجام بدەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٤ـی ٥ـی ٢٠٢٦، عەباس عێراقچی ڕایگەیاند کە کوەیت بە شێوەیەکی نایاسایی هێرشی کردووەتە سەر بەلەمێکی ئێرانی لە کەنداوی فارس و چوار هاووڵاتی ئێرانی دەستبەسەر کردووە.
عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم کارە لە نزیک دوورگەیەک ڕوویداوە کە ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاری دەهێنێت، و جەختی کردەوە کە داوای ئازادکردنی دەستبەجێیان دەکەن و مافی وەڵامدانەوەیان پارێزراوە.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی ناوخۆی کوەیت ڕایگەیاند کە ئەو چوار کەسەی دەستگیرکراون سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانن.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کوەیت، ئەو کەسانە هەوڵیانداوە لە ڕێگەی دەریاییەوە بە نایاسایی بچنە ناو خاکی کوەیتەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی کردەوەی دوژمنکارانە.