هەرێم نیوز
عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، لە یەکەم پەیامیدا دوای پەسندکردنی کابینەی حکومەتەکەی، بەڵێنی دا کە کار بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و بەدیهێنانی خواستی عێراقییەکان بکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٤ـی ٥ـی ٢٠٢٦، عەلی زەیدی لە پەیامێکدا سوپاس و پێزانی خۆی ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران و هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان کرد بۆ پێدانی متمانە بە حکومەتەکەی.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەڵوێستە بەرجەستەکردنی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی و گیانی هاوبەشی و بەرپرسیارێتییە.
سەرۆک وەزیرانی نوێ جەختی کردەوە کە ئەم متمانەیە ئەمانەتێکی گەورەیە و بەڵێنێکە لەبەردەم گەل، تاوەکو هەنگاو بنێن بەرەو بەهێزکردنی شکۆمەندیی وڵات و دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ هاووڵاتییان.
هەروەها ڕایگەیاند کە کارنامەی حکومەتەکەی جەخت لەسەر گەشەپێدان و دادپەروەری دەکاتەوە.