دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

پلاندانانی هەرێم ڕێژەی ڕاستەقینەی بێکاری و هێزی کار دیاری دەکات

هەرێم نیوز

وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە ڕێگەی ئەنجامدانی ڕووپێوییەکی مەیدانیی نوێوە کە بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت، ڕێژەی نوێی بێکاری و قەبارەی هێزی کار لە هەرێمی کوردستان دیاری دەکەن.

سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، "ئامادەکارییەکانمان بۆ دەستپێکردنی ڕووپێوی هێزی کار لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی. ئەگەر هیچ گرفتێکی تەکنیکی یان لۆجستی نەیەتە پێش، لە کۆتایی مانگی داهاتوودا پرۆسەی مەیدانی بۆ کۆکردنەوەی زانیارییەکان لە سەرتاسەری هەرێم دەستپێدەکات."

بریکاری وەزارەتی پلاندانان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم پرۆسە مەیدانییە بە هاوبەشی لە نێوان دەستەی ئاماری هەرێم و ڕێکخراوی کاری جیهانی (ILO) جێبەجێ دەکرێت، چونکە دواین ڕووپێویی هاوشێوە لە ساڵی ٢٠٢١دا ئەنجامدراوە و پێویستی بە نوێکردنەوەی داتاکان هەیە.

سیروان محەممەد جەختی لەسەر گرنگیی زانستیبوونی پرۆسەکە کردەوە و وتی، "دامەزراوەکانی ئێمە بۆ دیاریکردنی دۆخی بازاڕی کار پشت بە هیچ پێشبینی و خەمڵاندنێک نابەستن، بەڵکو تەنها لە ڕێگەی ڕێکاری زانستی و مەیدانییەوە ڕێژەی ڕاستەقینەی بێکاری دیاری دەکەن و پاشان بۆ ڕای گشتی بڵاوی دەکەنەوە."

ئەم بڕیارەی وەزارەتی پلاندانان لە کاتێکدایە، کە بەپێی دوایین ڕووپێوی فەرمی کە لەسەر ئاستی عێراق ئەنجامدراوە، ڕێژەی بێکاری لە ساڵی ٢٠٢٤دا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ١٤.٩٧٪، کە چاوەڕوان دەکرێت ڕووپێوییە نوێیەکە گۆڕانکارییەکانی دوو ساڵی ڕابردووی بازاڕی کار دەربخات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP