هەرێم نیوز
وەزارەتی بەرگریی شانشینی سعوودیە تێکشکاندنی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ناوچە سنوورییەکانی وڵاتەکەی ڕاگرت، کە لە ناوخۆی خاکی عێراقەوە ئاراستە کرابوون؛ هاوکات هێزە چەکدارەکانی عێراقیش دووپاتی دەکەنەوە کە ڕێگە نادەن خاکی وڵاتەکەیان بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت.
لیوا ڕوکن تورکی مالیکی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی توانیویەتی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) ڕێگرییان لێ بکات و لەناویان ببات، دوای ئەوەی لە سنوورەکانی عێراقەوە بە نایاسایی چوونەتە ناو ئاسمانی سعوودیەوە.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە جەختی لەوەش کردەوە کە وڵاتەکەی مافی پارێزراوی هەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم هێرشانە لە کات و شوێنی گونجاودا، ڕاشیگەیاند کە سەرجەم ڕێوشوێنە پێویستەکان بۆ پاراستنی سەروەری، ئاسایشی نیشتمانی و سەلامەتیی هاووڵاتیانی سعوودیە دەگرنەبەر.
لەکاردانەوەی ئەم پێشهاتەدا، لیوا سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە یەکەم لێدوانی فەرمیی خۆیدا پاش دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، بە تۆڕی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند: "حکومەتی نوێ بە تەواوی پابەندە بە کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و چەسپاندنی سەروەریی یاسا لە سەرتاسەری وڵاتدا."
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، ستراتیژی دروستی بەغدا لەم قۆناغەدا ئەوەیە کە خۆی لە ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دوور بخاتەوە؛ گوتیشی: "ڕێگە نادەین عێراق ببێتە شوێنی ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر وڵاتانی دیکە، هاوکات بە توندی ڕووبەڕووی هەر دەستوەردانێکی دەرەکیش لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا دەبینەوە."