دواین هەواڵ

عێراق‌

 24 کاتژمێر پێش ئێستا

نیویۆرک تایمز: ئیسرائیل بنکەی سەربازیی نهێنی لەناو خاکی عێراقدا دروست کردووە

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ـی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، ئیسرائیل زیاتر لە ساڵێکی بەسەر بردووە بۆ ئامادەکردنی بنکەیەکی سەربازیی نهێنی لەناو خاکی عێراقدا بە مەبەستی بەکارهێنانی لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێران، هاوکات بەرپرسانی عێراقیش بوونی دووەم بنکەی سەربازییان لە بیابانەکانی ڕۆژئاوای وڵاتەکە پشتڕاست کردووەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی 5ـی 2026، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بە ڕووداوێکی ڕۆژی ٣ـی ئاداری ڕابردوو کردووە. لەو ڕۆژەدا بارهەڵگرێک کە لەلایەن شوانێکی ناوخۆییەوە لێ خوڕدراوە و بەرەو شارۆچکەی نوخەیب ڕۆیشتووە، لەلایەن هێلیکۆپتەرێکەوە ڕاوەدوو نراوە و چەندین جار تەقەی لێ کراوە، تاوەکو لە ناوەڕاستی بیابانەکەدا ڕاگیراوە و سووتێنراوە.

بەپێی زانیارییەکانی ڕاپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز، ئەم هێرشە دوای ئەوە هاتووە کە ئەو شوانە بە ناوی (عەواد شەمەری) تەمەن ٢٩ ساڵ، لە کاتی گەشتەکەیدا بە ڕێکەوت بنکەیەکی سەربازیی نهێنیی ئیسرائیلی بینیوە.

خێزانەکەی دەڵێن کە عەواد دەستبەجێ پەیوەندیی بە فەرماندەیی سەربازیی عێراقەوە کردووە بۆ ئەوەی هەواڵ بدات لەسەر ئەو سەرباز، هێلیکۆپتەر و خێوەتانەی لە نزیک ئەو بنکە ئیسرائیلییە بینیویەتی، بەڵام ئەم دۆزینەوەیە بووەتە هۆی لەدەستدانی ژیانی.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا نیویۆرک تایمز باسی لەوەش کردووە، هەرچەندە پێشتر ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە عێراق ئاشکرا کردبوو، بەڵام لە ئێستادا بەرپرسانی عێراقی بە فەرمی بوونی دووەم بنکەی ڕانەگەیەندراویان لە بیابانەکانی ڕۆژئاوای وڵاتەکە پشتڕاست کردووەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP