هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا هۆشداریی توند ئاراستەی تاران دەکات و ڕادەگەیەنێت، واشنتن لە ئێران هەمان ئەو ستراتیژە پەیڕەو دەکات کە پێشتر لە دژی ڤەنزوێلا گرتیەبەر، هاوکات جەخت دەکاتەوە کە لە لایەنی ئێرانی لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی دیپلۆماسی بێئومێد بووە.
پەیامەکەی ترەمپ و مۆدێلی ڤەنزوێلا
سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ئەوان لە ئێستادا لە گەیشتن بە ڕێککەوتن بێهیوا بوون، بۆیە لە ڕۆژانی داهاتوودا دەبینین چی ڕوودەدات."
ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر بژاردە ئابووری و سەربازییەکانی وڵاتەکەی و گوتی: "ئێمە لە ئێران ڕێک ئەو کارە دەکەین کە لە ڤەنزوێلا کردمان؛ گورزی زۆر تووندمان لێدان و لەو قۆناغەشدا هیچ بژاردەیەکی دیکەمان لەبەردەمدا نەبوو."
زیادکردنی بودجەی پنتاگۆن
دۆناڵد ترەمپ باسی لە بەهێزیی پێگەی سەربازیی واشنتن لە جیهاندا کرد و ڕایگەیاند: "ئێمە خاوەنی گەورەترین و بەهێزترین هێزی سەربازین لەسەر ئاستی جیهان، بۆیە دەمانەوێت لە پلانەکانی داهاتوودا بودجەی گشتیی بەرگریی ئەمریکا بگەیەنینە ١.٥ تریلیۆن دۆلار."
ئەم لێدوانە توندانەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ هەینی، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لووتکەی ناتۆ لە سوید ڕایگەیاندبوو کە پێشکەوتنێکی زۆر کەم لە دانوستانە نێوەندگیرەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێراندا بەدی هاتووە. ڕۆبیۆ هاوکات هەوڵەکانی تارانی بۆ دانانی سیستمێکی وەرگرتنی سەرانە و ڕەسمی تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز بە "تەواو قبووڵنەکراو" وەسف کردبوو.