دواین هەواڵ

ئابوری‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

دارایی هەرێم وەڵامی عەدنان فەیحان دەداتەوە: بەغدا مووچەی دوو مانگی ساڵی ڕابردووی فەرمانبەرانی هەرێمی خواردووە

هەرێم نیوز

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە توندی وەڵامی داواکارییەکەی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەداتەوە سەبارەت بە ڕاگرتنی شایستە داراییەکانی هەرێم و ڕایدەگەیەنێت، کە هەولێر سەرجەم پابەندبوونە داراییەکانی جێبەجێکردووە، بەڵام بەغدا بە بیانووی "خەرجیی فعلی" مافە داراییەکانی هەرێم پێشێل دەکات و مووچەی دوو مانگی ساڵی ڕابردووی فەرمانبەرانی نەناردووە.

وەڵامێکی فەرمی بۆ عەدنان فەیحان دلێمی
ئەمڕۆ سێشەممە (٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیدا وەک وەڵامێک بۆ لێدوانەکانی عەدنان فەیحان دلێمی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە داوای بڕینی بودجەی هەرێمی کردبوو، ڕایگەیاند: "دووپاتی دەکەینەوە کە حكوومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی و یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی (٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥) سەرجەم ئەرکە یاسایی و داراییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێکردووە."

وەزارەتی دارایی ئاشکرای کرد، لە ساڵی ٢٠٢٥دا هەرێم پشکی گەنجینەی فیدراڵیی بەپێی ڕێککەوتنەکان ڕادەستکردووە، بەڵام حكوومەتی فیدراڵ تەنها پارەی مووچەی ١٠ مانگی فەرمانبەرانی هەرێمی ناردووە و مووچەی هەردوو مانگی تشرینی دووەم (١١) و کانوونی یەکەم (١٢)ی بە نایاسایی خەرج نەکردووە، لەکاتێکدا مووچەی تەواوی دامەزراوەکانی دیکەی عێراق لەو دوو مانگەدا بێ هیچ کێشەیەک دابەشکراوە.

ڕادەستکردنی داهاتەکانی ٢٠٢٦ و ڕاستییەکانی سیستمی "ئەسیکۆدا"
سەبارەت بەمساڵیش (٢٠٢٦)، وەزارەتی دارایی ڕوونی کردووەتەوە کە هەرێم پشکی بەغدای لە داهاتە نانەوتییەکانی پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵ (کانوونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان و ئایار) بە تەواوی ڕادەست کردووە.

لەبارەی کەمبوونی قەبارەی داهاتەکانی مانگی ئازار و نیسانیش، وەزارەتەکە چەند ڕاستییەکی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کردووە و ڕایگەیاندووە، کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی جەنگ لە ناوچەکە و نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی گومرگیی جیهانی (ئەسیکۆدا) لە دەروازە سنوورییەکان، کە وەک ئامرازێک بۆ سەپاندنی گەمارۆی ئابووری بەسەر هەرێمدا بەکارهێنراوە؛ چونکە سەرڕای ئەوەی گفتوگۆکانی تایبەت بەو سیستمە گەیشتبوونە قۆناغی کۆتایی، بەڵام بەغدا لە دەرکردنی بڕیاری پێویست بۆ جێبەجێکردنی کەمتەرخەم بووە. بۆیە بەپێی ڕێککەوتنێکی نوێ، بڕیاردراوە تەنها ٥٠٪ی داهاتە نانەوتییە ڕاستەقینەکان ڕادەست بکرێت.

ڕەخنەی توند لە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان
وەزارەتی دارایی لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی عەدنان فەیحان کردووە و دەڵێت: "باشتر بوو ناوبراو لەبری ئەم لێدوانانە، هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی و دەستووری بۆ کێشەی بڕگەی 'خەرجیی فعلی' بدایە کە بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە و تەنها بەسەر هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ دەکرێت و بووەتە هۆی خەرجنەکردنی تەواوەتیی شایستە داراییەکانمان."

حكوومەتی هەرێم لە پەیامێکی کۆتاییدا سەرسوڕمانی خۆی پیشان دەدات و دەڵێت: "جێگەی سەرسوڕمانێکی گەورەیە کەسایەتییەک لە پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەماندا بێت، بەڵام لەبری پاراستنی یەکسانی و داکۆکیکردن لە مافی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق، بە پاڵنەری سیاسی داوای بڕین و ڕاگرتنی بژێوی و مووچەی بەشێکی دیاریکراو لە هاووڵاتییانی ئەم وڵاتە بکات."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP