هەرێم نیوز
ماڵپەڕی کەناڵی (ئەلحوڕە)ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی مەیدانیی نوێدا ئاشکرای دەکات، کە چەندین بەرپرسی سیاسی، سەرمایەدار و خاوەنکاری عێراقی، لە کاتی شەڕ و گرژییەکاندا هاوکاریی دارایی گەورەیان پێشکەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە. کەناڵەکە دووپاتی دەکاتەوە کە تەواوی ناوی ئەو کەسایەتییانەی لەلایە، بەڵام بەهۆی ڕێکارە یاساییەکانەوە ناویان بڵاو ناکاتەوە.
سەرمایەدارێکی سوننە ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری داوەتە تاران
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ئەلحوڕە، کە ئەمرۆ سێشەممە (٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٦) بڵاوکراونەتەوە؛ لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکە، سەرمایەدارێکی عێراقی بڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری نەقدی پێشکەشی ئێران کردووە. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات پاش ئەو هاوکارییە داراییە، ئەو بازرگانە پۆستێکی باڵای لەناو دامەزراوەکانی حكوومەتی عێراقدا وەرگرتووە و چەندین گرێبەستی گەورەی بازرگانیی پێدراوە.
ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە ئەم تۆڕە داراییەی هاوکاریی تاران دەکات، تەنها لە کەسایەتییەکانی پێکهاتەی شیعە پێکنەهاتووە، بەڵکو سەرچاوە عێراقییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە چەندین سەرمایەداری دیاری پێکهاتەی سوننەش بەشدارییان لەم پرۆسەیەدا کردووە.
پاڵنەری بازرگانە سوننەکان ئایدۆلۆژی نەبووە، بەڵکو بە ئامانجی کڕینی دەسەڵات و مسۆگەرکردنی پێگەی خۆیان بووە لەناو دامەزراوە سیاسی و فەرمییەکانی عێراقدا.
دوو ڕێگای سەرەکی بۆ گواستنەوەی پارەکان
ئەلحوڕە لە زاری سەرچاوەکانیەوە ئاشکرای دەکات کە دوو ڕێگای سەرەکی بۆ ڕەوانەکردنی پارەکان بۆ تاران بەکاردەهێنرێت:
١. ڕێگای وشکانی (کاش): گواستنەوەی پارەی نەقدی (دۆلار) بە شێوازی قاچاخ لە ڕێگەی دەروازە وشکانییەکانەوە، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی میلیشیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دان.
٢. گرێبەستی بازرگانی: پێدانی گرێبەستە حکومییە گەورەکان بە کۆمپانیا ئێرانییەکان یان کۆمپانیا هاوبەشەکان، کە لەم ڕێگەیەوە پارەدارکردنی تاران بە شێوازێکی یاسایی دەپۆشرێت.