دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

ترەمپ بە تەلەفۆن ناتانیاهۆی لە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ئێران ئاگادار کردووەتەوە

هەرێم نیوز

ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ئاشکرای دەکات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی لە نزیکبوونەوەی واژۆکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران ئاگادار کردووەتەوە و ڕووبەڕووی پێشهاتێکی کتوپڕی کردووەتەوە کە ناتانیاهۆ نەیتوانیوە هیچ مشتومڕێکی توندی لەسەر بکات.

کاتێتی کۆتایی بەم جەنگە بهێنرێت
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاکسیۆس، دۆناڵد ترەمپ ئێوارەی پێنجشەممە بە شێوەیەکی کتوپڕ پەیوەندیی بە ناتانیاهۆوە کردووە و پێی ڕاگەیاندووە کە پێشبینی دەکات لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا ڕێککەوتنێکی فەرمی لەگەڵ ئێران واژۆ بکات.

ترەمپ لە پەیوەندییەکەدا بە ڕاشکاوی بە ناتانیاهۆی وتووە: "ئەمە ڕێککەوتنەکەیە، ڕێککەوتنێکی یەکجار نایابە و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەم شەڕە بهێنرێت."

ماڵپەڕە ئەمریکییەکە لە زاری بەرپرسێکی باڵای واشنتنەوە گواستوویەتییەوە، کە ناتانیاهۆ لە کاتی بیستنی ئەم بڕیارەدا هیچ ناڕەزایەتی و مشتومڕێکی گەورەی نیشان نەداوە، و وا دەرکەوتووە کە بە تەواوی دان بەوەدا دەنێت کە ناتوانێت ڕێگری لە ترەمپ بکات لە واژۆکردنی ئەو یاداشتنامەیە.

شۆک لە تەلئەڤیڤ؛ ئیسرائیل کراوە بە دەوڵەتێکی پاشکۆ
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە ناتانیاهۆ هیوایەکی زۆری بەوە خواستبوو کە ئەم جەنگە ناوچەیییە ببێتە هۆی ڕووخاندن و گۆڕینی ڕژێمی سیاسی لە ئێران، بەڵام ئێستا لە ناوخۆی ئیسرائیلدا ڕەخنەگرانی هێرشی توندی دەکەنە سەر و بەوە تۆمەتباری دەکەن کە بە ڕازیبوونی بە مەرجەکانی ئەمریکا، ئیسرائیلی کردووە بە دەوڵەتێکی پاشکۆ.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی باڵای ئیسرائیلی بە کەناڵی (CNN)ی ڕاگەیاندووە، ئەو پۆستەی دۆناڵد ترەمپ کە ڕۆژی پێنجشەممە لە سۆشیال میدیا بڵاویکردەوە و تێیدا باسی لە ڕێککەوتنێکی نزیک لەگەڵ ئێران کرد، بنیامین ناتانیاهۆی بە تەواوی تووشی سەرسوڕمان و شۆک کردووە، چونکە ناوبراو ڕێک لەو چرکەساتەدا سەرقاڵی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنی بووە لەسەر دۆسیەی ئێران.

سەرچاوەکە دووپاتی کردەوە، تەلئەڤیڤ پێشوەختە ئاگاداری هیچ جۆرە ڕێککەوتنێکی نزیک لە نێوان واشنتن و تاراندا  نەبووە، ئەمەش پێچەوانەی ئەو لێدوانانەیە کە ترەمپ بڵاوی دەکاتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP