هەرێم نیوز
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت، پرۆسەی ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران تەنها دوای پشکنین و کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە تاوتوێ دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی 6ـی 2026، جەی دی ڤانس لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی (CNBC) ئاماژەی بەوە کرد، ڕێککەوتنی نوێی نێوان واشنتن و تاران، ئێران لەو سەرچاوانە بێبەش دەکات کە پێویستن بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
ڤانس جەختی لەوە کردەوە کە پابەندبوونێکی درێژخایەن هەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی ئێران پەرە بە چەکی ئەتۆم نادات یان هەرگیز ئەو چەکە بەدەست ناهێنێت.
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، جەی دی ڤانس گوتی، پێشبینی دەکەن گەرووی هورمز بۆ ماوەیەکی درێژ و بەبێ وەرگرتنی باج بە کراوەیی بمێنێتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە هێشتا وردەکاریی زۆر هەن پێویستیان بە ڕوونکردنەوەیە و هیوادارن لەم هەفتەیەدا دەقی ڕێککەوتنەکە بڵاو بکرێتەوە. هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو کە پێشبینی دەکرێت سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری دەرەوەی ئێران نوێنەرایەتیی وڵاتەکەیان بکەن لە ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکەدا.