هەرێم نیوز
لەسەر بانگهێشتی فەرمیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، شاندێکی باڵای بازرگانی و وەبەرهێنانی ئەمریکی گەیشتنە هەولێر، تاوەکو دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە سێکتەرە جیاوازەکان و بەتایبەت لە بوارە ستراتیژییەکانی دەرەوەی کەرتی نەوت تاوتوێ بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی 6ـی 2026، محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، شاندەکە نوێنەرایەتی کۆمپانیایەکی گەورەی ئەمریکی دەکەن کە بارەگای لە 18 وڵاتی جیهان هەیە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، شاندەکە لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆدەبنەوە بە ئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان و هاندانیان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی گەورە لە کوردستان.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان جەختی کردەوە، حکوومەت دەیەوێت سەرچاوەکانی داهات هەمەجۆر بکات، بۆیە گرنگییەکی زۆر بە وەبەرهێنانی ئەمریکی دەدرێت لە بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە، دروستکردنی نەخۆشخانە و کەرتی گەشتوگوزار.
هەروەها ئاشکرای کرد، لە مانگی تەممووزی داهاتوودا، فۆرمێکی ئابووریی تایبەت لە نێوان هەرێمی کوردستان و ژووری بازرگانیی ئەمریکا لە واشنتن بەڕێوەدەچێت.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری کۆمپانیاکان، لە ئێستادا 169 کۆمپانیای ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و لە سێکتەرە جیاوازەکاندا چالاکن، کە زۆرینەیان لە شاری هەولێر نیشتەجێن.
شایانی باسە، پێشتر لە 6ـی 10ـی 2026، شاندێکی باڵای ژووری بازرگانی ئەمریکی بە بەشداری کۆمپانیا جیهانییەکانی وەک گوگڵ، ئای بی ئێم، ڤیزا، پێپسی کۆ و کۆکاکۆلا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو.
لەو سەردانەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم پێشوازیی لێ کردبوون و جەختی لەسەر بەرنامەی چاکسازی و پێگەی ستراتیژی هەرێم کردبووەوە کە دەیکاتە دەروازەیەکی گرنگ بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان تاوەکو کارەکانیان بەرەو عێراق و ناوچەکە فراوان بکەن.
شاندەکە لەو سەردانەیاندا سەردانی پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەک فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر و فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیارییان کردبوو.