دواین هەواڵ

کوردستان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

هێمن هەورامی: پێدانی وەزارەتی ناوخۆ بە یەکێتی ئەسڵ و ئەساسی نییە

هەرێم نیوز

هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند کە دەنگۆی ڕازیبوونی پارتی بۆ پێدانی وەزارەتی ناوخۆ بە یەکێتی دوورە لە ڕاستییەوە، هاو کات هاوپەیمانێتی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێی بە "ڕێککەوتنی سجن" ناوزەند کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی 6ـی 2026، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ڕووداو" ڕایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن پارتی ڕازی بووە وەزارەتی ناوخۆ بدات بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەسڵ و ئەساسی نییە و هیچ بابەتێکی لەو شێوەیە باس نەکراوە. 

جەختیشی کردەوە کە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی بۆ ئەوەیە لایەنەکان دابنیشن و ئەم قسانەی سۆشیال میدیا بهێننە سەر مێزی گفتوگۆی ڕاستەقینە.

هەورامی ئاماژەی بەوەش کرد، کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی هەرگیز نەپچڕاون، سەرڕای ئەوەی ئومێدیان دەخواست یەکێتی بەدەمپیرەوەچوونێکی باشتری بۆ دەستپێشخەرییەکەی بارزانی هەبووایە، بەڵام گفتوگۆکان بەردەوامن و هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجامێکی کۆنکرێتی.

سەبارەت بە نەوەی نوێ و هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ یەکێتی، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕەخنەی توندی گرت و گوتی: "پێویستە خەڵکی کوردستان لە نەوەی نوێ بپرسێت کە سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان لەوانە، بۆچی بڕگەی دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتاران جێبەجێ ناکەن کە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانە؟".

لە کۆتاییدا لەبارەی هاوپەیمانی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ ڕایگەیاند، هاوپەیمانی سجن پێی ناوترێت هاوپەیمانی سیاسی. ئاماژەی بەوەش کرد کە پارتی تەنها مامەڵە لەگەڵ یەکێتیدا دەکات، ئیتر یەکێتی لە بەش و بەرکەوتی خۆی چی دەدات بە نەوەی نوێ، یان سەرۆکایەتی پەرلەمان و جێگری سەرۆک وەزیرانیان پێدەدات، ئەوە پەیوەندی بە پارتییەوە نییە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP