هەرێم نیوز
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند کە هەفتەی داهاتوو کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەست بە بەرهەمهێنان دەکەنەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە هەولێر جێگیر دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی 6ـی 2026، شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "کوردستان ٢٤" ڕایگەیاند، عەلی زەیدی بە نووسراوی فەرمی دڵنیایی ئەمنی تەواوی داوەتە کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی کارەکانیان.
ئاشکراشی کرد، بە مەبەستی پاراستنی ئاسمانی ناوچەکە، سیستمی بەرگریی ئاست بەرز لە هەولێر جێگیر دەکرێت، هاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش ڕەزامەندیی تەواوی لەسەر دانانی ئەو سیستمە بەرگرییە دەربڕیوە.
سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتیش، دووبەردانی ڕوونی کردەوە، هەفتەی داهاتوو کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێم دەست بە بەرهەمهێنان دەکەنەوە و لە قۆناغی یەکەمدا، کۆمپانیاکان بڕی ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهێنن.