هەرێم نیوز
سەرۆکانی ئەمریکا و ئێران یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی مێژووییان واژۆ کرد و سەرۆکوەزیرانی پاکستانیش جەخت دەکاتەوە، رێککەوتنەکە دەستبەجێ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە یەکەم هەنگاودا گەرووی هورمز دەکرێتەوە و گەمارۆی دەریایی لەسەر کەنارەکانی ئێران لادەبرێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی 6ـی 2026، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی مێژووییان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بە شێوەی دیجیتاڵی و بە ناوبژییوانیکردنی پاکستان واژۆ کرد.
ئەم یاداشتنامەیە کە بە "یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد" ناسراوە، لەلایەن سەرۆکی هەردوو وڵاتەوە واژۆ کراوە و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان وەک ناوبژیوان پەسەندی کردووە.
شەریف لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، ئەم رێککەوتنە نیشانەی پابەندبوونی هەردوولایە بە چارەسەری دیپلۆماسی و دەستبەجێ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە یەکەم هەنگاوی بریتی دەبێت لە کردنەوەی گەرووی هورمز و هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لەسەر کەنارەکانی ئێران.
شەهباز شەریف سوپاسی تیمی دانوستانکاری هەردوولای کرد و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی قەتەر، سعوودیە، تورکیا و سووریا دەربڕی لە پێناو هێنانەدیی سەقامگیری لە ناوچەکەدا. بڕیارە سبەی هەینی، 19ـی 6ـی 2026، بە میوانداریی پاکستان و پاڵپشتیی قەتەر، رێوڕەسمێکی فەرمی لە سویسرا بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ تەکنیکییەکان بەڕێوە بچێت.
دەقی 14 خاڵەکەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد:
راگرتنی جەنگ: کۆتاییهێنانی دەستبەجێ و هەمیشەیی بە جەنگ لە هەموو بەرەکاندا، لەوانەش لوبنان، و بەڵێندان بە ئەنجامنەدانی هیچ جۆرە هێرش و هەڕەشەیەک دژی یەکتر.
سەروەریی خاک: پابەندبوون بە ڕێزگرتن لە سەروەریی خاکی یەکتر و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی یەکتر.
وادەی دانوستان: هەردوولا 60 رۆژ مۆڵەتیان لەبەردەمدایە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی.
کشانەوەی ئەمەریکا: واشنتن دەستبەجێ گەمارۆی دەریایی سەر ئێران لادەبات، لە ماوەی 30 رۆژدا هاتوچۆی کەشتییەکان ئاسایی دەکاتەوە و دوای رێککەوتنی کۆتایی هێزەکانی لە ناوچەکانی دەوروبەری ئێران دەکێشێتەوە.
کەشتیوانی: ئێران لە ماوەی 30 رۆژدا ئاستەنگە تەکنیکییەکان و مینە دەریاییەکان لادەبات تاوەکوو هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز بۆ دەریای عومان ئاسایی بێتەوە.
ئاوەدانکردنەوەی ئێران: ئەمەریکا و هاوبەشە ناوچەییەکانی پلانێکی گشتگیر بە بەهای کەمتر لە 300 ملیار دۆلار بۆ گەشەپێدانی ئابووریی ئێران جێبەجێ دەکەن.
هەڵگرتنی سزاکان: ئەمەریکا پابەند دەبێت بە هەڵگرتنی هەموو جۆرە سزاکان (سەرەتایی، لاوەکی، بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئاژانسی ئەتۆمی) بەپێی خشتەیەکی کاتی.
بەرنامەی ئەتۆمی: ئێران دووپاتی دەکاتەوە هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت؛ چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە رێککەوتنی کۆتاییدا یەکلایی دەکرێتەوە.
پاراستنی دۆخی ئێستا: تا کاتی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، ئێران گۆڕانکاری لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ناکات و ئەمەریکاش سزای نوێ ناسەپێنێت و هێزی نوێ نانێرێتە ناوچەکە.
هەناردەی نەوت: وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا دەستبەجێ مۆڵەتی تایبەت دەردەکات بۆ ئەوەی ئێران بتوانێت نەوتی خاو و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی بفرۆشێت.
ئازادکردنی داراییەکان: هەموو پارە و سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد دەکرێن و دەخرێنە ژێر دەسەڵاتی بانکی ناوەندیی ئێران.
چاودێری: میکانیزمێکی کارگێڕیی هاوبەش بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە دادەمەزرێت.
مەرجی بەردەوامی: دوای دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی چوار، پێنج، 10 و 11، هەردوولا تەنیا لەسەر ئەو خاڵانەی ماونەتەوە دانوستان بۆ رێککەوتنی کۆتایی دەکەن.
پەسەندکردنی نێودەوڵەتی: رێککەوتنی کۆتایی دەبێت لە رێگەی بڕیارنامەیەکی پابەندکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند بکرێت.