دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری جەنگی ئەمەریکا: متمانەمان بە ئێران نییە و هەموو هەنگاوێک بە وردی چاودێری دەکەین

هەرێم نیوز

پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت، متمانەیان بە لایەنی ئێرانی نییە و هەر هەنگاوێکی جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئاشتی بە وردی لەلایەن واشنتنەوە پشتڕاست دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی 6ـی 2026، وەزیری جەنگی ئەمەریکا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی نوێی نێوان ئەمەریکا و ئێران دەرەنجامی بەکارهێنانی هێزی سەربازی و گەمارۆکان بووە، نەک وەک ڕێککەوتنەکانی پێشوو.

 هێگسێت جەختی کردەوە، ئامانجی سەرەکیی ئەمەریکا ڕێگریکردنە لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و وتی: "دۆناڵد ترەمپ بە ڕاشکاوی جەختی کردووەتەوە کە ئێران نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و سەرجەم دانوستانەکان لەسەر ئەم تەوەرەیە دەبێت."

وەزیری جەنگی ئەمەریکا هۆشدارییەکی توندی دا و ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران پابەندی یاداشتنامەکە نەبێت، ئەوان ئامادەن ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەست پێ بکەنەوە و گەمارۆی توندتر بخەنە سەر ئەو وڵاتە. 

سەبارەت بە گەرووی هورمز، هێگسێت ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو گەرووە ڕێڕەوێکی گرنگی بازرگانییە بۆ جیهان و پێویستە وڵاتانی ناوچەکە بۆ کردنەوەی هەنگاو بنێن، هەرچەندە ئەمەریکا ڕاستەوخۆ پشت بەو ڕێڕەوە نابەستێت. 

لە کۆتاییدا وەزیری جەنگ ئاماژەی بەوە کرد، ئاستی بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەندە بە پابەندبوونی ئێران بە یاداشتنامەکەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP