دواین هەواڵ

جیهان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

مارک رووتە: ناتۆ ئامادەیە پشتگیری لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاشتیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات

هەرێم نیوز

مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە برۆکسل پێشوازیی لە رێککەوتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و بە هەنگاوێکی مێژوویی و ستراتیژیی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەسفی کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی 6ـی 2026، مارک رووتە ئاماژەی بەوە کرد، دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز بۆ هاتوچۆی ئازاد، دەستکەوتێکی مەزنە و جەختیشی کردەوە کە هاوپەیمانانی ناتۆ، بە سەرکردایەتیی فەرەنسا و بەریتانیا، ئامادەیی تەواویان بۆ پشتیوانیکردن لەو دەستپێشخەرییە دەربڕیوە.

سکرتێری گشتیی ناتۆ گوتی، ئەم رێککەوتنەی دۆناڵد ترەمپ رێگری لەوە دەکات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و توانای مووشەکیی ئەو وڵاتە کەمدەکاتەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆنگرەکەدا، رووتە باسی لە چەمکی "ناتۆ 3.0" کرد و رایگەیاند، پێویستە هاوپەیمانانی ئەوروپا و کەنەدا بەرپرسیارێتیی زیاتر لە ئەستۆ بگرن. ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا لە ساڵی 2025دا، بودجەی بەرگریی هاوپەیمانان 90 ملیار دۆلار زیاد بووە و ئامانج ئەوەیە تا ساڵی 2035، خەرجییە سەربازییەکان بگاتە 5%ی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆ.

سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا، سکرتێری گشتیی ناتۆ جەختی لەوە کردەوە کە کیێڤ توانیویەتی هاوسەنگییەکان لە بەرژەوەندیی خۆی بگۆڕێت و سەلماندوویەتی کە ماشێنی جەنگیی رووسیا بێ رکابەر نییە، بۆیە ناتۆ بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP