هەرێم نیوز
دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق ڕایگەیاند، تیمەکانیان لە بنکەی گومرگی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک، توانیویانە هەوڵێکی بەقاچاخبردنی بڕی ٢٢٦،٠٠٠ (دووسەد و بیست و شەش هەزار) دۆلاری ئەمریکی پووچەڵ بکەنەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی دەستەکە، پارەکە لای گەشتیارێک بووە لە هۆڵی بەڕێکردنی فڕۆکەخانەکە و لە کاتی پشکنیندا دەستی بەسەردا گیراوە، ئەمەش بەهۆی پێچەوانەبوونی لەگەڵ ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ بردنە دەرەوەی دراو.
دەستەی گشتیی گومرگەکان ئاماژەی بەوەش داوە، کە پەڕاوی یاسایی بۆ ڕووداوەکە ڕێکخراوە و ڕێکاری یاسایی دژی گەشتیارەکە گیراوەتە بەر. جەختیشیان کردەوە کە هەڵمەتە چاودێرییەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام دەبێت، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی بەقاچاخبردن و پاراستنی ئابووریی نیشتمانی.