دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

خورشید هەرکی و براکەی دەستگیرکران

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، خورشید هەرکی و حەیدەری برای بە تۆمەتی شەهیدکردنی پێشمەرگەیەک و هاووڵاتییەک و تێکدانی ئاسایشی گشتی، لە قەزای خەبات دەستگیرکراون.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ـی تەمووز، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی دادگا هەردوو تۆمەتبار (خورشید لطیف) و (حیدر لطیف) دەستگیر کراون.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی پۆلیسی هەولێر، ئەو دوو تۆمەتبارە بوونەتە هۆکاری ئاژاوەگێڕی، دەستدرێژیکردنە سەر موڵک و ماڵی هاووڵاتییان و موڵکی گشتی، شەهیدکردنی پێشمەرگەیەک و هاووڵاتییەک، سووتاندنی کەلوپەلی سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگە و هاندانی خەڵک دژی یاسا و سەقامگیریی گشتی.

ئاماژەی بەوەش کردووە، تۆمەتبارەکان ڕێگرییان لە پرۆژە حکوومییەکان کردووە و هەڕەشەی تێکدانی ژێرخانی ئابوورییان لە شوێنە جیاجیاکانی قەزای خەبات کردووە.
پۆلیسی هەولێر دەڵێت، دوای هەبوونی سکاڵا لە دژیان لەلایەن هاووڵاتییانەوە، ئەمڕۆ لە ٥ی ٧ی ٢٠٢٦ لەسەر فەرمانی دادگا، هەردوو ناوبراو دەستگیر کران و لە ماوەی داهاتوو لەسەر تاوانەکانیان دادگایی دەکرێن. 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا پۆلیسی هەولێر دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە سەر و ماڵیان پارێزاو دەبێت و یاسا سەروەرە، هەروەها ڕێگا بە هیچ تاوانبارێک نادرێت ئاسایش و ئارامی وڵات تێکبدات و ئاژاوەگێڕی بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP