دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

مەلەوانیکردن قەدەغە دەکرێت؛ هەڵمەتێکی بەرفراوان بۆ ڕێگری لە خنکان لە ئەحمەدئاوا و سازان دەستیپێکرد

هەرێم نیوز

هاوکات لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و ڕووبەربوونەوەی گەشتیارێکی زۆر لە پارێزگاکانی تری عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای هەڵەبجە، ڕێکاری توندی خۆپارێزی بۆ ڕێگریکردن لە ڕووداوە نەخوازراوەکان دەگیرێتەبەر.

جێگیرکردنی تابلۆی ئاگادارکردنەوە لە هاوینەهەوارەکان
ئەمڕۆ سێشەممە ٧ی تەممووزی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای هەڵەبجە بە هاوکاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی، بڵاویکردەوە کە تیمە هاوبەشەکانیان هەڵمەتێکی بەرفراوانیان بۆ جێگیرکردنی تابلۆی ئاگادارکردنەوە و ڕێنمایی لە هاوینەهەوار و سەرچاوە ئاوییەکانی سنووری پارێزگاکە دەستپێکردووە. تیمەکان بە تایبەتی تیشکیان خستووەتە سەر ئەو شوێنە ئاوییانەی کە قووڵن و مەترسیی خنکانیان لێدەکرێت، لەوانەش هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا (سەرچاوەی زەڵم)، دوانزە ئیمام، نەورۆڵی و سازان.

بانگەواز بۆ گەشتیاران و هاووڵاتیان
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، ئامانجی سەرەکی لەم هەڵمەتە مەیدانییە، بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی گەشتیاران و سەردانیکەرانە بۆ ئەوەی لەو سەرچاوە ئاوییە قووڵانە نزیک نەبنەوە و مەلەوانی تێدا نەکەن، بەم مەبەستەش بتوانرێت گیانی هەموان بپارێزرێت و دووربن لە هەر حاڵەتێکی دڵتەزێنی خنکان.

هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکان داوایان لە هاووڵاتیان و گەشتیاران کردووە، کە لە کاتی سەردانیکردنی ئەم شوێنانەدا، بە تەواوی پابەندی ڕێنماییە نووسراوەکان بن و هۆشیارانە و بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ قەراغی ئاوەکاندا بکەن بۆ هێشتنەوەی سەلامەتیی خۆیان و خێزانەکانیان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP