هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆستی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) سیناریۆیەک بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئاڵۆز تاوتوێ دەکات بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتن یان لەناوبردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لە ناو دامەزراوە ئەتۆمییەکاندا، ئەوەش لە ئەگەری شکستهێنانی هەوڵە دیپلۆماسییەکان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی 7ـی 2026، ڕۆژنامەی (نیویۆرک پۆست) لە زاری شارەزایانی سەربازی و بەرپرسێکی ئاگادارەوە گواستوویەتیەوە، ئەو پلانە چاوەڕوانکراوە پێویستی بە بڵاوەپێکردنی هەزاران سەرباز هەیە، لەگەڵ هێزەکانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان، یەکەکانی ئەندازیاریی سەربازی و پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنییەکان، ئەوەش بۆ کۆنترۆڵکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و گەیشتن بە ماددە پیتێنراوەکان بە مەبەستی گواستنەوە یان لەناوبردنیان.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئامانجە پێشبینیکراوەکان هەردوو دامەزراوەی فۆردۆ و ئەسفەهان دەگرنەوە، ئۆپەراسیۆنەکەش بە یەکێک لە ئاڵۆزترین ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی مێژووی نوێ وەسف کراوە، بەهۆی سروشتی قایمبوونی پێگەکان و فراوانیی ڕووبەرەکانیان. هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە کە هێزەکانی ئەمریکا پێویستیان بە دروستکردنی پشتێنەیەکی ئەمنی دەبێت لە دەوروبەری دامەزراوەکان و پاراستنی هێڵەکانی دابینکردن و گواستنەوە، شانبەشانی پاککردنەوەی ئەو مین و بەربەستانەی کە پێشبینی دەکرێت ئێران لە ناو پێگەکاندا دایانابێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا، جۆزێف ڕۆجەرز، جێگری بەڕێوەبەری سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاندووە، لەناوبردنی یەدەگی ئەتۆمیی ئێران لە ئەگەری هەرەسهێنانی دانوستانەکاندا پێویستی بە بژاردەی سەربازی دەبێت.
ڕاپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە دامەزراوەی چیای فەئس لە نزیک نەتەنز وەک یەکێک لە ئامانجەکان دەمێنێتەوە، بەڵام بەهۆی زۆریی ڕێکارە بەرگرییەکان و قایمکارییەکانی ئێرانەوە، پێشبینی دەکرێت لەناوبردنی پێگەکە بژاردەیەکی واقیعیتر بێت وەک لە هەوڵدان بۆ دەستبەسەرداگرتنی بڕی یۆرانیۆمەکە.