هەرێم نیوز
سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ساڵی داهاتوو دەبێتە ساڵی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە کەرتی کارەبا و بەرهەمهێنان و توانای گواستنەوە و دابەشکردنی وزە دوو هێندە دەکرێت.
پلانەکانی حکوومەت بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی کارەبا
ئەمڕۆ شەممە ١٥ی ئابی ٢٠٢٦، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی بارەگای وەزارەتی کارەبای کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتەکە کۆبووەتەوە.
عەلی زەیدی دڵنیایی داوەتە هاووڵاتییانی عێراق کە ڕێکارەکانی حکوومەتەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە گرفتەکانی دۆسیەی کارەبا بەردەوامن و ڕایگەیاندووە: "ساڵی ٢٠٢٧ دەبێتە ساڵی دوو هێندەکردنی بەرهەمهێنان و توانای گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا، ئەمەش سەرەتایەکی گرنگ دەبێت بۆ گۆڕینی دۆخی وزە لە وڵاتدا."
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆک وەزیران جەختی لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کردووەتەوە، هەروەها داوای کردووە لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکان بکرێت، تاوەکو بۆ هاوینی داهاتوو باشبوونی بەرچاو لە دۆخی کارەبادا بێتە ئاراوە.
فەرمانە نوێیەکان بۆ زیاترکردنی توانای بەرهەمهێنان
سەرۆک وەزیرانی عێراق ژمارەیەک ڕێنمایی و فەرمانی ئاراستەی وەزیری کارەبا کردووە، لەوانە: چاککردنەوەی تەواو بۆ گرفتەکانی ئەو ٣٠ هەزار مێگاواتەی ئێستا بەرهەم دەهێنرێت، هەروەها کڕینی وزەی هاوردەکراو لە وڵاتانی دراوسێ کە بڕەکەی کەمتر نەبێت لە ١٠ هەزار مێگاوات.
جگە لەوەش، سەرۆک وەزیران فەرمانی کردووە بە کڕین و بەرهەمهێنانی ٣٧ هەزار مێگاواتی دیکەی کارەبا بەم شێوەیە:
*١٥ هەزار مێگاوات لە ڕێگەی کۆمپانیای (GE)ی ئەمریکییەوە.
*١٢ هەزار مێگاوات لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە.
*١٠ هەزار مێگاوات لە ڕێگەی وێستگە گەرمییەکانەوە.
لە ئێستادا بەرهەمهێنانی کارەبای عێراق ٢٤ هەزار و ٦٠٠ مێگاواتە، لە کاتێکدا بۆ پێدانی کارەبای بەردەوام پێویستی بە ٥٥ بۆ ٦٠ هەزار مێگاوات کارەبا هەیە.