هەرێم نیوز
ماڵپەڕێکی ئەمریکی ئاشکرای کرد، لەگەڵ بەرزبوونەوەی مەترسی و هەڕەشە ئەمنییەکان، ڕێکارەکانی پاراستنی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ناوچەی سەوز توندتر کراونەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی 8ـی 2026، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "الحرة"، ئەمریکا لە کاتی سەردانەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن لە مانگی تەممووزی ڕابردوودا، کەلوپەلی تایبەت بە پاراستنی شەخسیی پێشکەش کردووە، هاوکات سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە نزیک بارەگاکەی لە ناوچەی سەوز جێگیر کراوە و فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی پاراستنی ناوچەکەش گۆڕدراوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، زانیاری لەسەر بینینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر کۆشکی حکومەتدا هەیە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری، هەروەها پەیام لە باڵیۆزخانەکان و لایەنی دەرەکییەوە گەیشتوونەتە سەرۆک وەزیران سەبارەت بە بوونی ئەگەری بەئامانجگرتنی.