دواین هەواڵ

عێراق‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

سوودانی: پێویستە بڕیاری بەکارهێنانی چەک تەنها لای دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکان بێت

هەرێم نیوز

محەممەد شیاع سوودانی ڕایدەگەیەنێت، نزیکبوونەوەی وادەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێویستییەکی نیشتمانییە و ئەمەش تەواو نابێت ئەگەر بڕیاری بەکارهێنانی چەک بەتەنها بەدەست دەوڵەتەوە نەبێت، هاوکات هۆشداریش لە سەرهەڵدانی فیتنە و شەڕی ناوخۆیی دەدات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی 8ـی 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، نزیکبوونەوەی وادەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق لە 30ـی ئەیلوولی 2026، پێشنیارێکی نیشتمانییە کە داوای بەرزترین ئاستی دانایی و بەرپرسیارێتی دەکات.

سوودانی ئاماژەی بەوە کردووە، کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان هەنگاوێکە لە ڕێڕەوی گەڕاندنەوەی سەروەریی تەواوەتی بۆ سەر خاک و ئاسمانی عێراق و بەهێزکردنی سەربەخۆیی بڕیاری نیشتمانی.

 ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە کە ئەم بەرپرسیارێتییە تەواو نابێت ئەگەر پرەنسیپی چەک و بڕیاری بەکارهێنانی تەنها بۆ دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکانی قەتیس نەکرێت.

هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە قەتیسکرنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە پڕۆژەیەک نییە بۆ پەراوێزخستنی هیچ لایەنێک، و نابێت ببێتە دەروازەیەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و پێکدادان، بەڵکو مافێکە بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی بەهێز کە توانای پاراستنی سەرجەم ڕۆڵەکانی و ڕێگریکردنی هەبێت لە بەکارهێنانی عێراق وەک گۆڕەپانی ململانێی لایەنەکانی دیکە.

سوودانی داوا دەکات چارەسەرکردنی ئەم دۆسیە هەستیارە لە ڕێگەی دیالۆگێکی نیشتمانیی بەرفراوان و عەقڵانییەوە بێت بە بەشداریی سەرجەم هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، دوور لە زمانی هەڕەشە و ناوزڕاندن و ئەو لێدوانە گرژانەی کە لەلایەن دوژمنانی عێراقەوە دەقۆزرێنەوە. هەروەها ڕایگەیاند کە مەترسیدارترین شت کە ڕووبەڕووی عێراق ببێتەوە گۆڕینی جیاوازییەکانە بۆ فیتنە و شەڕی ناوخۆیی.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، سوودانی ڕایگەیاندووە کە عێراق توانای هەیە بچێتە قۆناغێکی نوێوە و ببێتە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری و سەربەخۆ لە بڕیارداندا، کە خاوەنی دامەزراوەی ئەمنی و سەربازیی بەهێز بێت و لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، ناوچەکە و جیهاندا بپارێزێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP