هەرێم نیوز
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، لە دۆسیەی تۆمەتبار عەدنان جومەیلی و بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دەست بەسەر ملیۆنان دۆلار، سەدان ملیۆن دینار، بڕێکی زۆر زێڕ و چەندین ئۆتۆمبێلدا گیراوە.
دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی تاوانباری دۆسیەکە
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی ئابی ٢٠٢٦، دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای تاوانەکانی ناوەندیی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ڕایگەیاند، لەسەر دۆسیەی تۆمەتباری دەستبەسەرکراو (عەدنان جومەیلی) و لایەنە تێوەگلاوەکانی دیکە، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەست بەسەر ٢٠ ملیۆن و ٣٤٠ هەزار دۆلار و ٢٠٠ ملیۆن دیناردا گیراوە.
هەروەها دادگای تاوانەکان ئاشکرای کردووە کە جیا لە پارە نەقدییەکە، توانراوە ٦٠ کیلۆگرام زێڕ وەربگیرێتەوە و دەست بەسەر ٧ ئۆتۆمبێلیشدا بگیرێت.
بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان لە بەهەدەردانی سەروەتی گشتی
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، ڕێکارەکانی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی داهاتە داراییە دەستکەوتووەکان لە بەهەدەردانی پڕۆژە جێبەجێکراوەکانی لەلایەن تۆمەتبار و کەسانی تێوەگلاوی دیکەوە، بووەتە هۆی دەستبەسەرداگرتنی ئەم بڕە پارە، زێڕ و ئۆتۆمبێلانەی ئاماژەیان پێکراوە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری جەختیشی کردووەتەوە بەردەوامیین لە لێکۆڵینەوەکان و بەدواداچوون بۆ سەرجەم تێوەگلاوانی دیکەی دۆسیەکە تاوەکو تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەر هەموویان.