هەرێم نیوز
ڕۆژنامەیەکی عێراقی ئاشکرای دەکات، گرووپە چەکدارەکانی عێراق خاوەنی ٦ جۆری سەرەکی لە چەکی قورس و مامناوەندن و بەسەر ١٢ پارێزگای وڵاتدا دابەش بوون، لە کاتێکدا وادەی دیاریکراوی حکوومەت بۆ چەکدانانیان بەرەو کۆتایی دەچێت.
وردەکاریی جبەخانەی گرووپە چەکدارەکان
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی ئابی ٢٠٢٦، ڕۆژنامەی "المدى" لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە گرووپە چەکدارەکان لەگەڵ کۆتاییهاتنی مۆڵەتی حکوومەت لە ٣٠ی ئەیلولدا، شەش جۆری سەرەکی لە چەک و کەرەستەی سەربازی ڕادەست بکن کە بەسەر ١٢ بنکە و پێگەدا لە بەسرەوە تا نەینەوا (لەوانە بەسرە، بابل، بەغدا، دیالە، سەلاحەدین، نەینەوا، ئەنبار، کەربەلا، نەجەف، دیوانییە، واست و موسەننا) دابەش بوون.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، جبەخانەکە پێکهاتووە لە: مووشەکی بالیستی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)، راجیمە و مووشەکی ئاراستەنەکراو، هاوەن و تۆپخانە، چەکی دژە زرێپۆش، جگە لە چەکی سووک، قەناس، بۆمبی چێنراو و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش.
مەترسیی مووشەکە بالیستییەکان و درۆنەکان
سەرچاوە عێراقییەکان جەخت دەکەنەوە کە مووشەکە بالیستییەکان لە پێشەنگی مەترسییەکانی ئەمریکادان. ئەمریکا پێی وایە ئەو گرووپانەی ڕەتی دەکەنەوە چەکەکانیان دابماڵن، لایەنی کەم ٨ مووشەکی بالیستییان بەدەستەوەیە. هەروەها ئاماژە بە گواستنەوەی مووشەکی ئێرانی لە جۆری ئارش، زولفقار، فاتح-١١٠ و زلزال کراوە کە مەوداکەیان لە نێوان ۲۰۰ بۆ ۷۰۰ کیلۆمەتردایە.
سەبارەت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش کە جۆری دووەمی جبەخانەکەیە، فڕۆکەی هەواڵگری، هێرشبەر و خۆکوژ لەخۆدەگرێت، وەک: موهاجیر-٦، شاهدهێنەرانی ۱۰۱، ۱۳۱ و ۱۳٦، ئەبابیل-K، ئەبابیل-٣، سەماد و سکای وۆکەر.
ناوچەی جورف لسەخر و سنوری دەسەڵاتی گرووپەکان
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوو، ناوچەی "جورف لسەخر" بە گەورەترین گرێکوێرە و مەتەڵی دۆسیەی چەک لە عێراق دەمێنێتەوە، کە زانیارییەکان باس لە ژێر دەسەڵاتی کتائیبی حیزبوڵڵا و بوونی کۆگای چەک و بەندیخانە لەو ناوچەیەدا دەکەن.
تا ئێستا شێوازی کۆتاییهاتنی ئەم دۆسیەیە لە نێوان ڕێککەوتنی سیاسی یان ڕووبەڕووبوونەوەی چاوەڕوانکراودا بە نادیاری ماوەتەوە، و پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا گرووپەکان چەکەکانیان ڕادەست دەکەن یان دووبارە دابەشی دەکەنەوە.