هەرێم نیوز
دەستەی دەستپاکی لە ئۆپەراسیۆنێکدا دەست بەسەر بڕە پارەیەکی خەیاڵی و چەندین قاڵب و خشڵی زێڕدا دەگرێت لە ماڵی بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی کارەبای عێراق، کە تۆمەتبارە بە گەندەڵی و کەڵەکەکردنی سامانی نایاسایی.
دەستبەسەرداگرتنی پارە و زێڕ لە ماڵی بریکاری وەزارەتی کارەبا
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی ئابی ٢٠٢٦، دەستەی دەستپاکی لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، تیمێکی لێکۆڵینەوەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی بەغدا دوای بەدواداچوونێکی ورد، لە چەند خانوویەکی تۆمەتبار (خالد غەزای عەتیە) بریکاری وەزارەتی کارەبا بۆ کاروباری گواستنەوە و دابەشکردن، دەستیان بەسەر یەک ملیار و ١٧٥ ملیۆن دینار و ٥ ملیۆن و ٨٣٩ هەزار دۆلاری ئەمریکیدا گرتووە.
هەروەها لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر ٧ قاڵبە زێڕ و بڕێکی زۆر لە خشڵ و زێڕی جۆراوجۆردا گیراوە. سەرجەم داراییەکان بە کۆنووسێکی یاسایی ڕادەستی دادوەری لێکۆڵینەوە کراون.
وردەکاریی دەستگیرکردن و ڕابردووی وەزیفیی تۆمەتبار
پیشتر لە ڕۆژی هەینی ١٤ی ئابی ٢٠٢٦، هێزێکی ئەمنی سەر بە دەستەی دەستپاکی بە فەرمانی دادوەر خالد غەزاییان دەستگیر کردبوو. ئەم بەرپرسە لە ماوەی ٢٨ ساڵ خزمەتی وەزیفیدا زیاتر لە ٥٠ سوپاسنامەی هەبووە و هیچ سزایەکی ئیداریی لەسەر نەبووە، بەڵام ئێستا بە تۆمەتی گەندەڵی و هەڵتۆقینی دارایی ڕووبەڕووی یاسا کراوەتەوە.
دەستگیرکردنی ئەم بەرپرسە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی فراوانی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدیدا دێت بۆ دەستگیرکردنی بەرپرسە گەندەڵەکان، کە تا ئێستا زیاتر لە ٢١٠ بەرپرسی سیاسی و ئیداری و پەرلەمانتار بە تۆمەتی بەهەدەردانی سامانی گشتی و گرێبەستی وەهمی دەستگیر کراون.