هەرێم نیوز
لە کاتێکدا ئێران چاوەڕێی توندترین سزاکانی ئیدارەی ئەمریکا دەکات، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕەخنەی توند لە ئیدارەی ئەمریکا دەگرێت و وەڵامی ڕاستەوخۆی دروشمەکانی سەرۆکی ئەو وڵاتە دەداتەوە.
گاڵتەکردن بە دروشمەکەی ترەمپ و ئامارەکانی ئەمریکا
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئەو وڵاتە لە پەیامێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" ڕەخنەی لە دروشمی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ("جارێکی تر ئەمریکا گەورە بکەنەوە") گرت و نووسیویەتی: "جارێکی دیکە ئەمریکا برسی بکەنەوە!".
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی لەوەش کردەوە کە شکستەکان ناپۆشرێن لە پشت بانگەشەی چەواشەکارانە. ناوبراو ئاماژەی بە هەندێک ئامار کرد کە بە گوتەی خۆی ڕەنگدانەوەی واقیعی ناوخۆی ئەمریکایە و ڕایگەیاند، ڕۆژانە ٤٧ ملیۆن ئەمریکی ڕووبەڕووی برسێتی دەبنەوە.
داڕمانی بەهای تمەن و فشاری ئابووری
ئەم لێدوانانەی قالیباف لە کاتێکدان کە بەهای تمەنی ئێرانی لە بازاڕە نافەرمییەکاندا نزمترین ئاستی مێژوویی تۆمار کردووە و دابەزیوە بۆ ٢.٠٢ ملیۆن تمەن، ئەمەش لە کاتێکدا نرخە فەرمییەکەی بانکی ناوەندیی ئێران نزیکەی ١.٥ ملیۆن تمەنە.
ئابووریی ئێران لە ژێر فشاری تونددایە و ڕێژەی هەڵاوسان ١٠٪ی تێپەڕاندووە. هاوکات بەهۆی ئابڵۆقەی دەریایی و ئاڵۆزییە سەربازییەکان، هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە لە دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ ٤٠٠ هەزار بەرمیل کەمی کردووە.
سزاکانی ئەمریکا و سیاسەتی زۆرترین فشار
واشنتن لە چوارچێوەی هەڵمەتی "زۆرترین فشار" سزاکانی بۆ سەر تاران فراوانتر کردووە. سکۆت بیسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە گەورەترین هێرشی دارایی بۆ سەر ئێران دەست پێدەکەن و ئاماژەی بەوەش داوە، هەر وڵاتێک هاوکاری لەگەڵ تاران بەرفراوان بکات، ڕووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە.