دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

لێکترازانی قووڵ لە سیستەمی ئەمنیی تاران؛ مۆساد لوتکەی هەواڵگریی ئێران ئیفلیج دەکات و دەسەڵاتداران ناچار بە پەردەپۆشکردن دەکات

سەرەڕای لێشاوی گۆڕانکارییە ئەمنی و سەربازییەکانی دوای دەستبەکاربوونی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری نوێی ئێران لە شەش مانگی ڕابردوودا، هێشتا ناوی وەزیری نوێی ئیتلاعات و سەرۆکی ئاژانسی هەواڵگریی سوپای پاسداران بە نهێنی هێڵدراونەتەوە.

 

شەڕ و هێرشەکانی ئەم دواییە زیانی گەورەی بە پەیکەرەی ناوەندیی بڕیاردانی ئەمنی گەیاندووە؛ بەجۆرێک عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگری لە ۲۸ی شوبات لە هێرشەکانی سەر ناوچەی پاستۆر کوژرا و بەپێی وتەی پزیشکیان، ئیسماعیل خەتێب، وەزیری ئیتلاعاتیش لە ۱۸ی ئازار لە هێرشێکدا گیانی لەدەستداوە.

 

لە ئێستادا، مەجید بن ڕەزا وەک بریکاری وەزارەتی بەرگری دیاریکراوە، بەڵام ناوی بریکار و بەڕێوەبەری وەزارەتی ئیتلاعات تا ئێستا بە نهێنی کەوتووەتەوە.

لە ڕووی یاسایی و سیاسییەوە، ڕێبەری نوێی ئێران موڵەتی مانگێک و نیوی داوەتە حکومەت (لە ۲۰ی ئابەوە) تا کاندیدانی هەردوو وەزارەتی بەرگری و ئیتلاعات ڕادەستی پەرلەمان بکەن. پەرلەمانی ئێران ئاشکرای کردووە کە بۆ ئاسانکاری لە هەڵبژاردنی وەزیری ئیتلاعات، کار بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە دەکرێت تا مەرجی "اجتهاد" (پلەی بەرز و شەرعیی ئایینی) بۆ وەزیر لاببرێت.

 

ئەم بڕیارە دەرگای کردووەتەوە بۆ ئەوەی کەسایەتیی وەک ڕەزا ساڵحی ئەمیری (وەزیری میراتی کلتووریی ئێستا و ئەندامی کۆنی ئیتلاعات لە دەیەی هەشتا و نەودەکان) کاندید بێت بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە هەستیارە، دوای ئەوەی ئیسماعیل خەتێب بەرلە کوژرانی بەرەوڕووی ڕەخنەی توند بووبووەوە بەهۆی دزەکردنی بەردەوامی هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد).

لە لایەکی دیکەوە، بۆشایییەکی گەورەتری ئەمنی لە ئاژانسی هەواڵگریی سوپای پاسداران و فەیلەقی قودس دروستبووە. دوای کوژرانی فەرماندەی دەزگاکە "محەمەد کازمی" لە یۆنیۆسی ۲۰۲۵دا، جێگرەوەکەی "مەجید خادمی" لە ٦ی نیسان لە هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکی-ئیسرائیلیدا کوژرا، هاوکات بەرپرسی هەواڵگریی فەیلەقی قودس "محسن باقری" و فەرماندەی باڵا "حسن محقق" گیانیان لەدەستدا.

 

لەکاتێکدا ناوە فەرمییەکانی سەرکردایەتیی نوێی ئیتلاعاتی سوپا ڕانەگەیەندراون، حوسێن تائیب کە ۱۳ ساڵ سەرۆکی هەواڵگریی سوپا بووە، دووبارە گەڕێنراوەتەوە بۆ لوتکەی دەسەڵاتی ئەمنی وەک فەرماندەی بەسیج و بەرپرسی گەشەپێدانی "تۆڕی هەواڵگریی جەماوەری".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP