لە پەرەسەندنێکی سەربازی و دیپلۆماسیی بێپێشینەدا، دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترو سۆشیاڵ" وێنەیەکی گەرووی هورمزی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "ئەمە خاکی نوێی ئەمریکایە".
تڕەمپ جەختی کردەوە کە هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئێراندا لە ئارادا نییە و گەمارۆی سەر بەندەرەکانی تاران بەردەوام دەبێت. لە وەڵامدا، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دایە تڕەمپ و ڕایگەیاند بەم زووانە وەهمەکانی تڕەمپ سەبارەت بە گەرووی هورمز دەڕەوێننەوە.
هاوکات سەرکردە و بەرپرسانی باڵای تاران جەختیان کردەوە کە گەرووەکە بە داخراوی دەمێنێتەوە و سیاسەتی سەربازییان لە بەرگرییەوە گۆڕیوە بۆ "هێرشی تەواوەتی" بۆ شکاندنی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا.
لە سەر زەمینیش، ڕووداوە سەربازییەکان بە خێرایی ڕوویان لە هەڵکشان کردووە؛ وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ڕایگەیاند کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی ڕووبەڕووی مەترسییەکی مووشەکی بووەتەوە و ڕێگری لە مووشەکێک کردووە لە ئاسمانی وڵاتەکەدا، هاوکات وەزارەتی ناوخۆی ئیمارات داوای لە هاووڵاتییان کرد بچنە شوێنە ئارامەکان.
لە سویەکی ترەوە، ئامادەکارییە سەربازییەکان و گرژییە ناوچەیییەکان کاردانەوەیان لەسەر حکومەتی عێراقیش کردووە و عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بەپەلە کردووە بەرامبەر پەرەسەندنی ئاڵۆزییە ئەمنییەکان.
ئەم ئاڵۆزییانە ڕاستەوخۆ کاردانەوەیان لەسەر بازاڕە جیهانییەکان هەبووە؛ بەجۆرێک نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ ٩١.١٤ دۆلار و نەوتی خاوی تەکساس بۆ ٨٥.٠٤ دۆلار بۆ هر بەرمیلێک بەرزبووەوە، کە بەرزترین ئاستە لە دوای کۆتایی مانگی تەممووزەوە تۆمارکرابێت