دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

رۆژنامە جیهانیەکان زەنگی مەترسی لێدەدەن ترسنا کترین قۆناغی سەدە؛ کاتژمێری ئەتۆمی لێدەدات و ئیبۆلا بێبەزەییانە بڵاو دەبیتەوە

لە وتارێکی سەروتاری شۆککەردا، ڕۆژنامەی "واشنتن بوست" وێنای داڕمانی یەکجارەکیی سیستەمی ئاسایشی چەکی ئەتۆمی لە جیهاندا دەکات. دوای بەسەرچوونی پەیماننامەی "ستارتی نوێ" (New START) لە شوباتی ڕابردوودا، بەپێی وتاری ڕۆژنامەکە واشنتن و موسکۆ بۆ یەکەمجار لە ساڵی ۱۹۷۲وە بەبێ هیچ ڕێککەوتننامەیەکی سنوردارکردنی چەکی ئەتۆمی ماونەتەوە.

ئەمەش جیهانی خستووەتە سەر ڕێڕەوی کێبڕکێیەکی مەترسیداری نوێی چەکی ئەتۆمی. لە کاتێکدا چین بە خێرایی سەرقاڵی بەرزکردنەوەی ژمارەی کڵاوەکانی چەکی ئەتۆمییە بۆ سەرووی ٦۰۰ کڵاوە و ئامادەی دانوستان نییە، وڵاتانی وەک کۆریای باشوور و ژاپۆن دەستیان کردووە بە پێداچوونەوەی جدی بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمیی سەربەخۆ، بەجۆرێک ڕاپرسییە نوێیەکان دەریانخستووە ٧٠٪ی هاووڵاتییانی کۆریای باشوور پشتگیری لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی خۆیان دەکەن.

هاوکات لەگەڵ ئەم ئاڵۆزییانە، ڕۆژنامەی "ئیندیپێندێنت" ئاشکرای کردووە کە دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیارێکی چاوەڕواننەکراوی داوە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکان لەگەڵ کۆریای باشوور.

 

تڕەمپ لە ڕێگەی تۆڕی "ترو سۆشیاڵ"ەوە باسی لەوە کرد کە مانۆڕەکان زۆر گرانبەهان و پەیامێکی ناپێویست و دوژمنکارانە بۆ بیۆنگ یانگ دەنێرن. لە هەمان کاتدا ستایشی پەیوەندییە کەسییە گەرمەکانی خۆی لەگەڵ کیم جۆنگ ئون کرد بە مەبەستی کردنەوەی دەرگای نوێی دیپلۆماسی، بەڵام چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆریای باکوور تا ئێستا هیچ ئامادەیییەکی بۆ سازش نیشان نەداوە و بە پێچەوانەوە پەیوەندییە سەربازی و ئابوورییەکانی لەگەڵ موسکۆ و پەکین پەرەپێداوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتە جیهانییەکاندا، ڕۆژنامەی "گاردیان" کارەساتێکی تەندروستیی گەورەی دەستنیشان کردووە و هۆشداری دەدات لە خێراترین و کوژەرترین بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی "ئەیبۆلا" لە مێژوودا لە پارێزگای ئیتوری لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ.

 

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی گیانلەدەستدان لە ماوەیەکی زۆر کورتدا ۲,۳۲۵ کەسی تێپەڕاندووە و زیاتر لە ٤,٩۴۵ تووشبوو تۆمارکراون. ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە بەهۆی نەبوونی کوتانێکی کاریگەر، بەردەوامی شەڕ و ئاڵۆزییە ناوخۆییەکان، و بڕینی هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا لەلایەن ئیدارەی تڕەمپەوە، سیستەمی تەندروستیی ناوچەکە بەرەو داڕمانی تەواوەتی چووە و کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکە لە دەست دەرچووە. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP