ڕۆژی سێشەممە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ئاشکرا ڕەخنەی توندی لە ئیسرائیل گرت دوای ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی تەلئەبیب فڕۆکەخانەی سەربازیی "ئەبو زوهور"یان لە باکووری سووریا کردە ئامانج.
واشنتن هێرشەکەی بە "ئاڵۆزکارییەکی بێ پاساو" وەسف کرد، کە تەنها چەند ڕۆژێک دوای سەردانی شاندێکی سەربازیی تورکیا هات بۆ فڕۆکەخانەکە بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی دووبارە خستنەکارەوەی.
لە بڵاوکراوەیەکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ایکس"، تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا ڕایگەیاند کە واشنتن نیشانەی نیسگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕیوە بەرامبەر بوردومانکردنی بنکەی ئاسمانیی "ئەبو زوهور" لەلایەن ئیسرائیلەوە.
بەپێی ئاژانسی "بلۆمبێرگ"، باراک جەختی کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل ئاڵۆزکارییەکی بێ پاساوە و بە هیچ شێوەیەک خزمەت بە سەقامگیریی ناوچەکە ناکات، بەتایبەت کە حکومەتی سووریا هیچ هەڵوێستێکی دوژمنکارانەی نیشان نەداوە و هیچ هێزێکی وەکالەتیشی لە ناوچەکەدا نەهێشتووەتەوە.
بەپێی سەرچاوە سەربازییەکانی سووریا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەیانیی ڕۆژی سێشەممە بە هەشت هەڵمەتی ئاسمانی دەستڕێژییان لە سەکۆی فڕینی فڕۆکەخانەی "ئەبو زوهور" لە ڕۆژهەڵاتی ئیدلب کردووە. هێرشەکە زیانی ماددیی بەرچاو بە ژێرخانی فڕۆکەخانەکە گەیاندووە بەبێ ئەوەی زیانی گیانی لێ بکەوێتەوە.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی سووریا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە بەزاندنی سەروەریی خاکی سووریا وەسفی کرد، هاوکات داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەڵوێستی توندیان بەرامبر پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل هەبێت.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم بوردومانە دوای سەردانی شاندێکی سەربازیی تورکیا هات بۆ فڕۆکەخانەکە بۆ پشکنین و نۆژەنکردنەوەی. فڕۆکەخانەی "ئەبو زوهور" کە دەکەوێتە نێوان پارێزگاكانی ئیدلب، حەما و حەلەب، لە ساڵی ۲۰۱۲وە لە کارکەوتبوو، و دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە کانونی یەکەمی ۲۰۲٤ کۆنتڕۆڵەکەی کەوتووەتە دەست دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا. سەرڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکان و نێوەندگیریی ئەمریکا، ئیسرائیل بەردەوامە لە ئەنجامدانی سەدان هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی سووریا بە پاساوی ڕێگری لە گەیشتنی چەک بە دەسەڵاتدارانی نوێ.