دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری ئاوەدانکردنەوە: پڕۆژەی دووسایدی هەولێر - کۆیە 42%ـی کارەکانی تەواو بووە

هەرێم نیوز

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگای دووسایدی هەولێر - کۆیەی بەسەرکردەوە و ڕایگەیاند، پڕۆژەکە ٤٢٪ـی کارەکانی تەواو بووە و ئومێد دەکرێت ساڵێک پێش وادەی دیاریکراوی خۆی بەڕووی هاووڵاتییاندا بکرێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 8ـی 9ـی 2026، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە یاوەریی بریکاری وەزارەت، ژمارەیەک لە ڕاوێژکاران، بەڕێوەبەرە گشتییەکان، ئەندازیاران و ستافی سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، بە شێوەیەکی مەیدانی سەردانی پڕۆژەی ڕێگای دووسایدی هەولێر - کۆیەی کرد. لە سەردانەکەدا لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی کارکردن کرد و پشتیوانیی خۆی و وەزارەتەکەی بۆ خێراکردن و سەرخستنی پڕۆژەکە دووپات کردەوە.

لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شوێنی پڕۆژەکە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە ڕایگەیاند؛ دروستکردنی ڕێگای دووسایدی نێوان هەولێری پایتەخت و قەزای کۆیە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و بایەخ و گرنگییەکی زۆری بۆ هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان هەیە.

ئاماژەی بەوەش کرد، کارکردن لە پڕۆژەکەدا زۆر باشە و ڕێژەی ئەنجامدراو گەیشتووەتە ٤٢٪، کە ئەمەش ئەنجامێکی دڵخۆشکەرە و هیوادارن بەم شێوازەی ئێستا کارەکان ساڵێک پێش وادەی خۆی تەواو بکرێن.

هەروەها ستایشی کۆمپانیای جێبەجێکاری کرد کە بە باشترین شێوە و بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان کارەکانی جێبەجێ دەکات، ئەوەش لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیی وردی ستافی وەزارەت.
جێی باسە، درێژیی ڕێگای دووسایدی هەولێر - کۆیە ٤٨.٤ کیلۆمەترە و بە گوژمەی زیاتر لە ٦٨٠ ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت.

پڕۆژەکە شەش ئۆڤەرپاس (پردی پەڕینەوە)، چوار ژێرپرد و دوو بەرزەپرد لەخۆ دەگرێت، و بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژە ستراتیژییەش، ماوەی گەشتکردن لە نێوان هەردوو شارەکەدا بۆ کەمتر لە ٣٠ خولەک کەم دەبێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP