هەرێم نیوز
شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ لە ئامادەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ و جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم، گەیشتە شاری بەغدا و زنجیرەیەک کۆبوونەوە ئەنجام دەدات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2026، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە شاری بەغدا، بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ.
شاندەکە پێکهاتووە لە هەریەک لە وەزیرانی دارایی و ئابووری، وەزیری سامانە سروشتییەکان، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و بریکاری وەزارەتی پلاندانان.
بڕیارە شاندەکە سەرەتا لەگەڵ وەزارەتی داراییی فیدڕاڵ و دواتریش لەگەڵ هەردوو وەزارەتی پلاندانان و نەوت کۆببێتەوە.
ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی شاندی باڵای هەرێم، بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە ئامادەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵ بۆ ساڵی داراییی 2027، هاوکات بۆ جێگیرکردنی پشک و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەناو پڕۆژەیاساکەدا.
لە میانی کۆبوونەوەکاندا، شاندی حکومەتی هەرێم تێڕوانین و داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە تەرخانکراوی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران، پلە و میلاکی وەزیفی، تەرخانکراوی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان، تەرخانکراوی بودجەی بەکاربردن و هەروەها دۆسیەی نەوت دەخاتە ڕوو.
ئامانج لەم کۆبوونەوانەش گەیشتنە بە تێگەیشتن و ڕێککەوتنێکی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ، لەپێناو دەستەبەرکردن و جێگیرکردنی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدڕاڵیی ساڵی داهاتوودا.