هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر دەستپێکردنی پرۆسەی دەرهێنانی کارتی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنی بۆ تازەهاوسەران ڕاگەیاند و مەرج و پێداویستییەکانی مامەڵەکەشی ئاشکرا کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لەو کەسانە کرد کە تازە هاوسەرگیرییان کردووە و فۆڕمی خۆراکیان سەر بە بنکەکانی 201 تاوەکو 223ـی سنووری پارێزگای هەولێرە، لە ئەمڕۆوە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بکەن بە مەبەستی دەرهێنانی کارتی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنی، بۆ ئەوەی لە وەرگرتنی بەشە سووتەمەنی و بەنزین بێبەش نەبن.
سەبارەت بە مەرج و پێداویستییەکانی دەرهێنانی کارتەکە، بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕێنماییەکانی خستووەتە ڕوو کە پێویستە داواکار ئەم بەڵگەنامانەی پێ بێت:
فۆڕمی خۆراکی ساڵانی 2020-2021ـی ماڵی باوک، لەگەڵ فۆڕمی ئەلیکترۆنیی ماڵی باوک.
فۆڕمی خۆراکی جیاکراوە لە ماڵی باوک کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پسوولەی خۆراکەوە پەسەند کرابێت.
ناسنامەی کەسی (کارتی نیشتمانی) و کارتی زانیاری.
جێی باسە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پرۆسەی ڕێکخستنەوەی کاروباری دابەشکردنی نەوت، بەنزین و غازی ماڵان دێت.
لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بڕیار دراوە کە لەمەودوا دابەشکردنی سووتەمەنی تەنیا لە ڕێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە ئەنجام بدرێت، ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی هەموو هاووڵاتییان بە شێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە لە وەرگرتنی بەشە سووتەمەنییەکانیان سوودمەند بن.