هەرێم نیوز
لەسەر بنەمای لێکدانەوە فەلەکییەکان و شیکارییەکانی پێگەی مانگ، شارەزایەکی بواری کەشناسی و گەردوونزانی ئاشکرای دەکات، ڕۆژی ٨ی شوباتی ٢٠٢٧ یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەبێت و ڕۆژی ٩ی ئاداریش یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە، بەوتەی ئەو شارەزایە، مانگی ڕەمەزانی ساڵی داهاتوو تەنیا ٢٩ ڕۆژ دەبێت.
وردیلەکاریی فەلەکی بۆ دەستپێکی مانگی ڕەمەزانی ١٤٤٨ی کۆچی
سالار حاجی عەلی، شارەزای بواری کەشناسی و گەردوونزانی لە هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی لێکدانەوە فەلەکییەکان و شیکارییەکانی جووڵەی مانگ، وادەی دەستپێکردنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز و یەکەم ڕۆژی جەژنی بۆ ساڵی داهاتوو (١٤٤٨ی کۆچی) دیاری کرد و دەڵێت: "مانگی ڕەمەزانی ساڵی داهاتوو ٢٩ ڕۆژ دەبێت."
دەشڵێت: "بەگوێرەی لێکدانەوە گەردوونییەکان، ڕۆژی ٨ی شوباتی ٢٠٢٧ بەفەرمی دەبێتە یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان، ئەم پێشبینییەش دوای ئەوە دێت کە لە ئێوارەی ڕۆژی ٦ی شوباتدا لە کاتژمێر (١٨:٥٥:٥٩) بەکاتی هەرێمی کوردستان، خۆر و مانگ و زەوی دەکەونە سەر یەک هێڵ و مانگ نوێ دەبێتەوە؛ بەڵام بەهۆی ئەوەی مانگ نزیکەی شەش کاتژمێر و نیو دوای نوێژی شێوان بۆ دەرکەوتنی هیلال دوادەکەوێت، لەو ئێوارەیەدا هیلالی مانگ بەچاو نابینرێت، بۆ ڕۆژی دواتر (٧ی مانگ) تەمەنی هیلالەکە دەگاتە ١٨ بۆ ١٩ کاتژمێر و بەگەورەیی لە ئاسماندا دەردەکەوێت، بۆیە لە ڕووی زانستییەوە ڕۆژی ٨ی شوبات دەبێتە یەکەم ڕۆژی ڕۆژوگرتن."
وادەی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی ٢٠٢٧
سەبارەت بە وادەی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانیش، ئەو شارەزا گەردوونییە ئاشکرای کرد: "ڕۆژی ٩ی ئاداری ٢٠٢٧ دەبێتە یەکەم ڕۆژی جەژن، چونکە لە ڕۆژی ٨ی ئاداردا کاتژمێر (١٢:٢٩:٢٢)ی دوانیوەڕۆ مانگ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان نوێ دەبێتەوە و تا کاتی نوێژی شێوان تەمەنی هیلالەکە دەگاتە ٣٠ بۆ ٤٠ خولەک کە دەکرێت لەو ئێوارەیەدا بە ئامێری تەلەسکۆپ هیلالەکە ببینرێت و هیچ مەرجێکی فەلەکی ڕێگری لە ڕاگرتنی جەژن ناکات."
ئەگەری دواکەوتنی جەژن و یەکلاکردنەوەی فەرمی
سالار حاجی عەلی ئاماژەی بەوەش دا، هەرچەندە لە ڕووی فەلەکییەوە جەژن تەنیا چاوەڕوانکراوە لە ٩ی ئاداردا بێت، بەڵام ئەگەر هەیە بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا، تەم و بارانەوە، هیلالەکە بەچاو نەبینرێت و پرۆسەکە بەگوێرەی دابونەریتی بینین یەک ڕۆژ دوابکەوێت و بچێتە ١٠ی ئادار، کە ئەم دۆخە وەک ڕۆژی گومان (یوم الشك) لە زۆر ساڵدا دووبارە دەبێتەوە. وەک نەریتێکی ساڵانەش، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێم لە ئێوارەی کۆتایی مانگدا بۆ بینینی هیلالی مانگ لەسەر کێوە بەرزەکان کۆدەبنەوە بۆ بڕیاری فەرمی.