دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

بەغدا کارتی زانیاری هەڵدەوەشێنێتەوە؛ شاندێکی عێراق بۆ یەکخستنی سیستەمەکە دەگاتە هەرێم

هەرێم نیوز

حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی پلانی بەدیجیتاڵکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکاندا، هەڵوەشاندنەوەی کارتی زانیاری و گواستنەوەی زانیارییەکانی بۆ ناو کارتی نیشتمانی ڕادەگەیەنێت، بڕیاریشە شاندێکی بەغدا بۆ دەستپێکردنی ڕێکارەکان سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی 9ـی 2026، عەقید ئەردەڵان لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕەگەزنامەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، هەفتەی داهاتوو شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی ڕەگەزنامە و باری شارستانیی بەغدا بۆ تاوتوێکردنی ڕێکارەکانی یەکخستنی سیستەمی بەڵگەنامەکان دەگەنە هەرێمی کوردستان. 

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامادەکاریی پێویست کراوە و دوو هۆڵی تایبەت بۆ شاندەکە دابین کراون تاوەکو دەستبەکار بن، و ئەم هەنگاوەشی بە ئەرێنی ناوبرد، چونکە بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە کۆتایی بە کێشەی کەمیی کارتی زانیاری لە هەرێمی کوردستان دەهێنرێت.

لە لایەکی دیکەوە، دوای ئەوەی ڕاپۆرتەکان باسیان لە چاپکردنی زیاتر لە 53 ملیۆن کارتی نیشتمانی کرد لە کاتێکدا دانیشتووانی عێراق تەنیا 46 ملیۆن کەسە، لیوا نەشئەت خەفاجی، بەڕێوەبەری گشتیی زانیاریی شارستانی و پاسپۆرت و نشینگە ڕوونکردنەوەی دا. 

ناوبراو ئاشکرای کرد کە کۆی کارتە چاپکراوەکان گەیشتووەتە 53 ملیۆن و 500 هەزار کارت، و هۆکاری ئەم جیاوازییەش لەگەڵ ژمارەی دانیشتووان بۆ چاپکردنەوەی کارتی ونبوو، تێکچوو، نوێکردنەوەی کارتە بەسەرچووەکان و هەروەها مانەوەی ناوی ئەو کەسانە دەگەڕێتەوە کە کۆچی دواییان کردووە و هێشتا لە سیستەمەکەدا نەسڕدراونەتەوە. 

خەفاجی جەختیشی کردەوە کە کۆی گشتیی ئەو هاووڵاتییانەی لە سیستەمی زانیاریی شارستانیدا تۆمار کراون 49 ملیۆن کەسن، کە سەرجەمیان بە شێوەی بایۆمەتری و لە ڕێگەی پەنجەمۆر، وێنەی ڕووخسار و گلێنەی چاوەوە بە وردی چەسپێندراون و لەگەڵ تۆمارە فەرمییەکاندا یەکیان گرتووە.

یەکخستنی بەڵگەنامە فەرمییەکان و نەهێشتنی مامەڵەی کاغەزی، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکومەتی عێراق بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین، ڕێگریکردن لە ساختەکاری و دروستکردنی بنکەیەکی زانیاریی یەکگرتوو. 

کارتی نیشتمانی کە زانیارییە بایۆمەترییەکانی تێدایە، دەبێتە تاکە بەڵگەنامەی فەرمی بۆ سەرجەم مامەڵە حکومییەکان و بە یەکجاری جێگەی پێناسەی باری شارستانی، ڕەگەزنامە و کارتی زانیاری دەگرێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP