هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند حکومەت ڕەشنووسی پلانی کۆنترۆڵکردنی چەکی لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا ئامادەکردووە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەیخاتە ڕوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی 10ـی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەنجومەنی ئەتڵەسی لە واشنتن میوانداریی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقی کردووە و لە دانیشتنێکدا دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کراون.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە دانیشتنەکەدا وەزیری دەرەوەی عێراق ڕوونی کردووەتەوە کە ڕەشنووسی پلانەکە کاتی دیاریکراوی لەخۆگرتووە و سەرۆکوەزیرانی عێراق مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی وەک وادەی کۆتایی بۆ جێبەجێکردنی دیاری کردووە.
لە بەشێکی دیکەی دانیشتنەکەدا، پرسی هاندانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ وەبەرهێنان لە عێراق، ئاسایشی سنوورەکان، کاریگەریی سزاکانی سەر ئێران لەسەر عێراق و هەنگاوەکانی دەوڵەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی گرووپە چەکدارەکان بە وردی بەسەرکرانەوە.