هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی عێراق لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکاوە ڕایگەیاند، کابینەی حکومەتەکەیان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پلانێکی فەرمی و خشتەیەکی کاتی بۆ داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکان و کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتیی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە دەخاتەڕوو.
شەوی ڕابردوو، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە میانی دانیشتنێکی تایبەتی "ئەنجوومەنی ئەتڵەسی" لە واشنتن کە بە ناونیشانی "عێراق لەدوای ٣٠ـی ئەیلول" سازکرابوو، ئاشکرای کرد کە کابینەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕەشنووسی پڕۆژە پلانێکی بۆ قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا ئامادە کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە چەندین دۆسیەی وەکو ئاسایشی سنوورەکان، کاریگەرییەکانی گۆڕانکارییەکانی سووریا، پاشەڕۆژی هاوکارییە ئەمنییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و لێکەوتەی سزاکانی سەر ئێران تاوتوێ کران، وەزیری دەرەوە جەختی کردەوە کە پڕۆژەکە بەپەلە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی زانیارییەکان و لێدوانەکانی پێشتری عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، حکومەت سەرەتا مۆڵەتی ٩٠ ڕۆژ دەداتە گرووپە چەکدارەکان تاوەکو لە ئەنجامدانی هەر جۆرە هێرشێک خۆیان بپارێزن، ئەمەش وەک هەنگاوی پێشینە بۆ چوونە ناو قۆناغی ڕادەستکردنی چەکەکانیان.
پرۆسەی داماڵینی چەک بە چەند قۆناغێک جێبەجێ دەکرێت، و ئامانج لێی ئەوەیە تاوەکو ٣٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٧ بەتەواوی کۆتایی پێ بێت و چەک تەنها لە دەستی دامەزراوە فەرمییەکاندا بمێنێتەوە.
بابەتی چەکی دەرەوەی یاسا و بوونی گرووپە چەکدارەکان یەکێکە لە گەورەترین ئاڵەنگارییە ئەمنییەکانی بەردەم حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق.
ئەم هەنگاوە نوێیەی حکومەت ڕاستەوخۆ هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق لە ٣٠ـی ئەیلولدا، کە پێشتر بەشێک لەو گرووپە چەکدارانە پاساوی هەڵگرتنی چەکەکانیانیان بە بوونی هێزە بیانییەکانەوە گرێدابوو.
لە مانگی ئابی ڕابردووشدا، هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت کە پێکهێنەری حکومەتە، بەفەرمی پشتگیریی خۆی بۆ قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەربڕی، وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات و ڕێگریکردن لەوەی عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ هەرێمییەکان.