هەرێم نیوز
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیامێکدا بۆ گەلی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دەستپێکێکی جدییە بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی چەکی دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت، و جەختی کردەوە کە حکومەتەکەی کار بۆ داماڵینی چەکی سەرجەم گرووپە چەکدارە ناعێراقییەکان دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی 10ـی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیامێکدا ڕایگەیاند کە پابەندن بە نەخشەڕێگایەکەوە بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، کە خشتەیەکی کاتیی ڕوونی هەیە و نابێت لە 30ـی حوزەیرانی 2027 تێپەڕ بکات.
لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە لەسەر بنەمای پڕەنسیپە دەستوورییەکان، بڕیاری جەنگ و ئاشتی تەنها دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتە فەرمییەکان، و بەتوندی ڕێگری لە هەر کارێکی سەربازیی پێچەوانەی ئەو بنەمایە دەکرێت.
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەت بەتەواوەتی کار دەکات بۆ داماڵینی چەکی سەرجەم ئەو گرووپە چەکدارە ناعێراقییانەی لەسەر خاکی عێراقن، بە شێوازێک کە ئاسایش و سەقامگیری بپارێزێت و سنوورەکان کۆنترۆڵ بکات.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕوونیکردەوە کە حکومەت ڕێگە نادات خاک و ئاسمانی عێراق ببێتە پێگە یان تێپەڕگە بۆ هەر کارێک کە هەڕەشە لە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بکات، و لە بەرامبەریشدا قبووڵی ناکەن خاکی هیچ وڵاتێک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر عێراق بەکاربهێنرێت.
هەروەها ئاشکرای کرد کە بۆ بەهێزکردنی سەروەریی تەواوی ئاسمانی دەوڵەت، عێراق دەست دەکات بە کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی تەواو.
سەبارەت بە حەشدی شەعبیش، ڕایگەیاند کە یاسایەکی تایبەتیان بۆ دەردەکرێت بۆ جێگیرکردنی پێگەیان لەناو سیستەمی ئەمنیدا، وەک بەشێکی دانەبڕاو لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.