دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ تۆم بەڕاک: جەختمان لە هاوبەشیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کردەوە

هەرێم نیوز

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆز تۆم بەڕاک لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا جەختیان لەسەر گرنگیی یەکگرتوویی حکوومەتی هەرێم، پێشچوونی گفتوگۆکانی بودجە لەگەڵ بەغدا و گەیشتن بە ڕێککەوتنی نەوت و غاز کردەوە.

دیپلۆماسی و کێشەکانی لەگەڵ بەغدا
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند: "خۆشحاڵ بووم دوای سەردانەکەم بۆ بەغدا، لەگەڵ باڵیۆز تۆم بەڕاک لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە قسەمان کرد."

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا، لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی بەهێزی و یەکگرتوویی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور.

یاسای بودجە و ڕێککەوتنی نەوت و غاز
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا پێشوازییان لە بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ عەلی زەیدی و حکوومەتەکەی لە بابەتی یاسای بودجەی فیدراڵیدا کردووە، هەروەها هیوا خوازراوە لە زووترین کاتدا ڕێککەوتنی نەوت و غاز بگاتە ئەنجامی کۆتایی.

لە کۆتاییشدا سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ڕەنگدانەوەی بەهێزی هاوبەشیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دووپات کراوەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP