هەرێم نیوز
⠀
لە ئاکامی چەند هێرشێکی ئاسمانیی فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە بۆ سەر دامەزراوەکانی غاز و نەوت لە شاری سەنعای پایتەختی یەمەن، کەسێک کوژرا و نۆ کەسی دیکەش بریندار بوون.
⠀
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی 11ـی 2026، ئەنیس ئەسەبەحی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی سەر بە حکومەتی ئەنساروڵڵا لە یەمەن بە ئاژانسی هەواڵی ئەلمەسیرەی ڕایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانیی هێزەکانی سعودیەدا بۆ سەر دامەزراوەی غازی مەفزەر لە باکووری سەنعا هاووڵاتییەک گیانی لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
⠀
وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە هێرشێکی دیکەی ئاسمانیدا بۆ سەر کۆمپانیای نەوتی یەمەن لە باشووری سەنعا شەش هاووڵاتیی دیکە بریندار بوون و زیانی مادیی زۆریش بەر ماڵ و موڵکی هاووڵاتییانی ناوچەکە کەوتووە.
⠀
ئەم هێرشانەی سعودیە بۆ سەر یەمەن لە کاتێکدان، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە گوایە حکومەتی سووریا هەزاران سەربازی بۆ پاڵپشتیکردنی ڕیاز ڕەوانەی ئەو وڵاتە کردووە، بەڵام دواتر بەرپرسانی دیمەشق ئەو زانیارییانەیان بە درۆ خستەوە و جەختیان لەوە کردەوە کە هیچ سەربازێک بۆ دەرەوەی وڵاتەکەیان نانێرن.