دواین هەواڵ

عێراق‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەنجوومەنی پارێزگای بابل مەهدی عەرداوی وەک پارێزگاری نوێ هەڵبژارد

هەرێم نیوز

ئەنجوومەنی پارێزگای بابل لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا دەنگی لەسەر پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەی عەلی تورکی دا،، و بە زۆرینەی دەنگ مەهدی عەرداوی وەک پارێزگاری نوێی بابل هەڵبژارد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، کۆبوونەوە نائاساییەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل بە ئامادەبوونی 12 ئەندام لە کۆی 17 ئەندام و بە ئامادەبوونی عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو.

 هەردوو پارێزگاری پێشوو و نوێ سەر بە فراکسیۆنی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەقن، کە پۆستەکە وەک بەرکەوتەی سیاسیی ئەو لایەنە هەژمار دەکرێت.

ئەم گۆڕانکارییە دوای ئەوە دێت کە لە 12ـی ئەم مانگەدا، عەلی تورکی بە فەرمانی قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلی حەق دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند.

 ئەمەش پاش تەشەنەسەندنی مشتومڕەکان لەسەر دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەی جورف سەخر، کە تێیدا تورکی بوونی قاچاخچێتیی ڕەت کردبووەوە، بەڵام ڕاپۆرتە ئەمنییەکان بوونی دوو بۆڕیی قاچاخچێتیی نەوتیان لە ناوچەکەدا پشتڕاست کردبووەوە.

پێشتریش عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کردبوو بە پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ بەدواداچوونی گومانەکانی قاچاخچێتیی نەوت لە جورف سەخر، کە بووە هۆی لەسەرکارلادانی ژمارەیەک فەرماندەی باڵای ئەمنی و کارگێڕی لە پارێزگاکەدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP