دواین هەواڵ

عێراق‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

سەباح نوعمان: ئۆپەراسیۆنی سوپا و پۆلیسی وزە لە جورف سەخر کۆتاییهات

هەرێم نیوز

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند، بڵاوەپێکردنی یەکەکانی سوپا و پۆلیسی وزە لە سنووری بەرپرسیارێتییان لە جورف سەخر تەواو بوو.

ئەمڕۆ شەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان روونیکردەوە، پرۆسەی گۆڕانکاریی هێزە ئەمنییەکان بەگوێرەی کاتە دیاریکراوەکان بەڕێوەدەچێت و بەمنزیکانە کۆتایی دێت، ئەمەش وەک ئامادەکارییەکە بۆ دەستپێکردنی نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ناوچەکە.

نوعمان راگەیاند: "فەوجی پاراستنی پۆلیسی وزە بڵاوەپێکردنی تەواو کردووە و سنووری بەرپرسیارێتیی خۆی گرتووەتە دەست بۆ پاراستنی بۆرییەکانی نەوت لە جورف سەخر. هەروەها لیوای 38ـی سوپای عێراق کۆنترۆڵی سنووری بەرپرسیارێتیی خۆی تەواو کردووە، لەپاڵ بڵاوبوونەوەی بەشێکی زۆری لیوای پۆلیسی فیدراڵی و بەشێک لە لیوای حەشدی شەعبی کە شوێنی لیواکەی پێشووی ناوچەکەی گرتووەتەوە".

گوتیشی: "پرۆسەی گۆڕانکاریی هێزە ئەمنییەکان بە نەرمی و بەپێی ئەو کات و رێکارانەی بۆی دانراوە بەڕێوەدەچێت، تا ئەو کاتەی قۆناخی داهاتوو دەست پێدەکات کە بریتییە لە نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی جورف سەخر".

دوێنێ هەینی، 20ـی تشرینی دووەمی 2026، هێزە ئەمنییەکان بە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، پرۆسەی گۆڕانکارییەکەیان دەستپێکرد. لەو چوارچێوەیەشدا بارەگای کۆنترۆڵکردنی جورف سەخر کرایەوە و فەرماندەی بارەگاکە و جێگرەکانی دەستیان بە ئەرکەکانیان کرد بۆ سەرپەرشتیکردنی دابەشکردن و گۆڕینی یەکە ئەمنییەکان، بە چاودێریی راستەوخۆی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.

نوعمان لەبارەی وردەکاریی پلانە نوێیەکەوە روونیکردەوە: "پلانە نوێیەکە فراوانکردنی سنووری بەرپرسیارێتیی هێزە ئەمنییەکان دەگرێتەوە بۆ ئەوەی تەواوی رووبەری جورف سەخر و دەوروبەری، لەنێویاندا ناوچە بیابانییەکان و ئەو ناوچانەی پێشتر چۆڵ بوون، بگرێتەوە. ئەمەش بۆ دڵنیابوونە لە کۆنترۆڵی ئەمنیی تەواوی ناوچەکە و ئامادەکارییە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و کردنەوەی رێگە سەرەکییەکان کە ناوچەکە بە پارێزگاکانی نزیک دەبەستنەوە".

سەبارەت بە میکانیزمی گۆڕانکارییەکانیش، ئەو گوتەبێژە گوتی: "پرۆسەکە بەگوێرەی رێکار و بنەما دیاریکراوەکان کراوە، کە گۆڕینی فەوج و بارەگای لیواکان بە شێوەیەکی رێکخراو دەگرێتەوە، بەجۆرێک هەر فەوجێک شوێنی فەوجەکەی پێشوو لە سنووری بەرپرسیارێتیی خۆی دەگرێتەوە، لەگەڵ گۆڕینی بارەگای لیواکان بەپێی ئەو کاتانەی فەرماندەی بارەگای کۆنترۆڵکردن دیاریی کردووە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختیکردەوە: "فرەیی پێکهاتەکانی هێزە چەکدارەکان سەرچاوەی هێزە و ئەم فرەییە یارمەتیدەر بووە لە تێکشکاندنی چەکدارانی داعش".
روونیکردەوە، بارەگای کۆنترۆڵکردن لە جورف سەخر پێکهاتەی جیاوازی سوپای عێراق، پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی لەخۆ دەگرێت، کە هەموویان لەژێر یەک فەرماندەیی و کۆنترۆڵدا کار دەکەن، ئەوەش توانای کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە و سەرخستنی ئەرکە ئەمنییەکان بەهێز دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP