دواین هەواڵ

عێراق‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

لەسەر دۆسیەی کونکردنی بۆریی نەوت لە نەجەف پێنج ئەفسەر و سێ کارمەندی پۆلیسی وزە دەستبەسەر کران

هەرێم نیوز
⠀
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایدەگەیەنێت، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای نەجەف و براکەی دەرچووە و هەشت ئەفسەر و کارمەندی پۆلیسی وزەش بە تۆمەتی تێوەگلان لە قاچاخچێتیی نەوت دەستبەسەر کراون.
⠀
ئەمڕۆ شەممە، 21ـی 11ـی 2026، ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند پشکنینی مەیدانیی بۆ شوێنی دەستدرێژیکردنە سەر یەکێک لە بۆرییە نەوتییەکان لە پارێزگای نەجەف ئەنجامداوە.
⠀
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕووداوەکە لەناو پارچە زەوییەکدا بووە کە خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای نەجەف کە سەرۆکی لیژنەی وزەیە لەگەڵ براکەیدا.
⠀
ئەوەش هاتووە ، ئەنجامی پشکنین و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بوونی قاچاخچێتیی نەوتیان لە ڕێگەی ئەو بۆرییەوە سەلماندووە و لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاری دەستبەسەرکردنی پێنج ئەفسەر و سێ کارمەندی پۆلیسی وزە دراوە و فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگا و براکەی دەرچووە.
⠀
ڕوونیشیکردەوە، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ئەو دوو تۆمەتبارە پێشتر خەندەقێکیان بە دەوری تەواوی زەوییەکەدا هەڵکەندووە بۆ ئەوەی ڕێگری لە چوونەژوورەوەی خەڵک و ئاشکرابوونی چالاکییەکانی ناوی بکەن.
⠀
سەبارەت بەو زانیارییانەشی باس لە بوونی چالاکیی نایاسایی دیکەی وەک قاچاخچێتیی ماددەی هۆشبەر لە ناوچەکەدا دەکەن، دادگا ڕایگەیاند، هێشتا لە قۆناغی لێکۆڵینەوە و بەدواداچووندان و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەموو تێوەگلاوان دەگیرێتەبەر.
⠀
ئەم هەنگاوە دادوەرییەش لە کاتێکدایە کە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا حکومەتی عێراق هەڵمەتێکی فراوانی دژی قاچاخچێتیی نەوت دەست پێ کردووە و بەهۆیەوە چەندین فەرماندەی ئەمنی و نەوتیی لە پارێزگای بابل لە کارەکانیان دوورخستەوە و هێزە ئەمنییەکانی لە جرف سەخەر گۆڕی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP