دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

یەکەمین لووتکەی جیهانیی لاوان لە هەولێر دەست پێ دەکات؛ زیاتر لە ٨٠٠ گەنج و نوێنەر لە ٤٧ وڵاتەوە بەشدارن

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ یەکەمین لووتکەی جیهانیی لاوان لە هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت و تێیدا زیاتر لە ٨٠٠ گەنج و نوێنەر لە هەرێمی کوردستان، عێراق و ٤٧ وڵاتی جیهانەوە بەشدارن؛ ئارین مەسرور بارزانی، دامەزرێنەری کوردستان فاوندەیشن، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: "کوردستان دەرگاکانی بە ڕووی لاوانی دنیادا دەکاتەوە."

دروشمی لووتکەکە و بەشداربووان
ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لووتکەی جیهانیی لاوان - کوردستان ٢٠٢٦ لە ژێر دروشمی «نەخشاندنی داهاتوو» و بە ڕێکخستنی «کوردستان فاوندەیشن» دەست بە کارەکانی دەکات.
ئەم کۆڕبەندە زیاتر لە ٨٠٠ گەنج و نوێنەر لە هەرێمی کوردستان، عێراق و ٤٧ وڵاتەوە، لەگەڵ وەزیران، بەرپرسانی حکوومی، سەرمایەداران، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، هاوبەشان، قسەکەران و سەرکردە گەنجەکانی ناوچەکە و جیهان لەسەر یەک سەکۆ کۆ دەکاتەوە.

پێنج تەوەرە سەرەکییەکەی لووتکەکە
بەپێی کارنامەی فەرمی، لەم لووتکەیەدا گەنجان تەنیا ئامادەبوو نین، بەڵکو دەخرێنە چەقی گفتوگۆکانەوە، خۆیان پانێڵەکان بەڕێوە دەبەن، شانبەشانی وەزیران دادەنیشن و بەشداری لە داڕشتنی پێشنیازی سیاسەتی ڕاستەقینەدا دەکەن. سەرجەم دانیشتنەکان لە چوارچێوەی پێنج بواری سەرەکیدا ڕێک خراون کە لەگەڵ ئامانجەکانی گەشەپێدانی درێژخایەنی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەگونجێن:

• گۆڕانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرد.
• پەروەردە و لێهاتووییەکان بۆ داهاتوو.
• کەشوهەوا و گەشەپێدانی درێژخایەن.
• داهاتووی کار و تەکنەلۆجیا.
• هەلی کاری سەوز، سەرکردایەتی و هاوکاریی نێودەوڵەتی.
لە ماوەی سێ ڕۆژی کارەکانی لووتکەکەدا، شەش پانێڵی گفتوگۆ بە بەڕێوەبردنی گەنجان، شەش گوتاری سەرەکیی سەرکردە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان، ١٠ مێزی گفتوگۆ لە نێوان گەنجان و وەزیراندا، ١٢ وۆرکشۆپ و واژۆکردنی چوار یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوە دەچن.

کارنامەی ڕۆژی یەکەم: گەنجانی خوار تەمەنی ٣٠ ساڵ پانێڵەکان بەڕێوە دەبەن
کارەکانی ڕۆژی یەکەمی لووتکەکە کاتژمێر ١٠:٠٠ـی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٤ی تشرینی دووەم بە فەرمی دەست پێ دەکات و تێیدا وەزیران، بەرپرسان، سەرمایەداران و گەنجان لە هەرێمی کوردستان، کەنداو، باکووری ئەفریقا و ئەورووپاوە کۆ دەبنەوە.

لە بەرنامەی ڕۆژی یەکەمدا چوار گوتاری سەرەکی و شەش پانێڵی گفتوگۆ بەڕێوە دەچن، کە بەڕێوەبەرانی هەموو پانێڵەکانی ڕۆژی یەکەم گەنجانی خوار تەمەنی ٣٠ ساڵن و چەندین پرسی گرنگ تاوتوێ دەکەن، لەوانە: چۆنیەتیی گۆڕینی کورسییەک لەسەر مێزی بڕیار بۆ کاریگەریی ڕاستەقینە، دروستبوونی سەرکردە، نەخشاندنی جیهانی داهاتوو، ڕۆڵی سەرمایەداران لە بنیاتنانی هێزی ئابووریی ناوچەیی و گواستنەوەی ئەزموون بۆ نەوەیەکی نوێ.

کارنامەی ڕۆژی دووەم: «١٠ گرفت ١٠ چارەسەر» و ١٠ مێزی وەزاری
ڕۆژی دووەمی لووتکەکە، سبەی چوارشەممە ٢٥ی تشرینی دووەم، لەسەر بناغەی بەرنامەی «١٠ گرفت ١٠ چارەسەر» بەڕێوە دەچێت. ئەم بەرنامەیە لە شوباتی ٢٠٢٦ـەوە دەستی پێ کردووە و بیرۆکەی گەنجان دەکاتە چارەسەری ڕاستەقینە بۆ گرفتەکانی کۆمەڵگە، کە تا ئێستا ٩٠ گرفتی کۆمەڵگەی لە هەولێر چارەسەر کردووە و سوودی بە زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس گەیاندووە.

لەم ڕۆژەدا ١٠ گەنجی «ئەنجامدەر» لەگەڵ وەزیرانی بەرپرس لە کەرتە جیاوازەکان و شارەزایانی نێودەوڵەتی لە دەوری ١٠ مێزی وەزاری دادەنیشن و «گەلەریی چارەسەرەکان» دەکرێتەوە؛ لە کۆتاییشدا هەر مێزێک پێشنیازێکی سیاسەتی گشتی یەکلا دەکاتەوە و بە گشتی ١٠ پێشنیاز کە لەگەڵ گەنجان نووسراون پەسەند دەکرێن. پاش نیوەڕۆش لە ناوەندی لاوان (Youth Hub) ١٢ وۆرکشۆپ لە دوو خولدا ڕێک دەخرێن.

ڕۆژی کۆتایی و پەیامی ئارین مەسرور بارزانی
لە ڕۆژی کۆتاییی لووتکەکەدا، پێنجشەممە ٢٦ی تشرینی دووەم، چوار یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ هاوبەشانی نێودەوڵەتی واژۆ دەکرێن بۆ کردنەوەی دەرگای نوێ لە ڕووی ئاڵوگۆڕی ئەزموونی گەنجان، ڕاهێنان و بەهێزکردنی تواناکان، هاوکات تیشک دەخرێتە سەر پڕۆژەکانی دەستپێشخەریی «١٠ گرفت ١٠ چارەسەر» و گەنجە بەشدارەکان دەناسێندرێن.

ئارین مەسرور بارزانی، دامەزرێنەری کوردستان فاوندەیشن، لە پەیامێکدا بۆ لووتکەکە ڕایگەیاند: "کوردستان دەرگاکانی بە ڕووی لاوانی دنیادا دەکاتەوە، نەک تەنیا وەک میوان، بەڵکو وەک هاوبەش لە نەخشاندنی داهاتوودا."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP