دواین هەواڵ

بۆ ئەوەی وەک قەرەج نەمرین!

‌بڵێسە ئیسماعیل حەقی

1 کاتژمێر پێش ئێستا

ساڵێکیان پرۆژەیەکی زانکۆییمان هەبوو لەبارەی کۆمەڵگەی «قەرەج»ەوە. گۆشەی توێژینەوەکەمان بریتیبوو لەوەی بۆچی ئەم کۆمەڵگەیە تەنانەت زۆر دەوڵەمەندیش بن، هێشتا نازانن باخداری بکەن و ماڵیان چەند گەورەبێت باخچەکەی هەر شەق و شڕە؟!

لە ئەنجامدا گەشتینە ئەوەی، قەرەج شتێکیان نییە بەناوی ئینتیما بۆ شوێن! ئەمە رێگرە هەم لەوەی ببنە نەتەوە، هەم وادەکات کارێک نەکەن لەدوای خۆیان بەجێبمێنێت. جا دوای پرۆژەکە کە هاتمەوە ئەوە هات بە خەیاڵمدا کە نەریتی کۆچەرییبوون، هەمان کاری لەکوردیش کردووە. دەی مەگەر شوێنەوارەکانی میرنشینە کوردییەکان لەپەنجەی دوو دەست تێپەڕدەکەن؟ بۆچی لەدوای تۆپەکەی وەستا رەجەبەوە شتێکمان نییە؟!

خولاسە، هۆکارەکەی هەمان شتە، حکومڕان گەر هەستی خۆگرێدانی نەبوو بە شوێنەکەوە و پێیوابوو کە نامێنێتەوە، هەر وەک میوانێک دەڕوانێتە شار و وڵات، وەک غەریبەیەکیشە لەناو میللەت. حوکمڕان بۆ نیشاندانی ئینتیمای خۆی و هەستی مانەوەی لەو شوێنە، دەبێت پرۆژەی هەبێت.

بۆ من ئەوەی حوکمڕانی لە کوردستان، لە قۆناغی درووشمەوە چووەتە پرۆژە کارێکە یەکسانە بەوەی کورد بووەتە بەشێک لە شارستانیەت و قۆناغی ریوایەتی دەربازکردووە. ریوایەتی پڕ لە ئینتیما گەر لە ئەکتی حوکمڕانی و پرۆژەدا رەنگنەدەنەوە، تەنها دەبنە چیرۆک. چونکە ئینتیمای حوکمڕان، بەشێکی لەسەر بنەمای بیرۆکەی “نیشتمان” (Patria) دامەزراوە، کە تەنها جوگرافیایەک نییە، بەڵکو شوێنێکە کە مێژوو، کولتوور، و چارەنووسی هاوبەشی گەلێکی تێدا چڕ بووەتەوە.

ئاو و دارستانەکان بەشێکی دانەبڕاوی ئەم وێنەیەن. لێرەوە گرنگە خەڵکیش بچێتە قۆناغێکی دیکەوە. گرنگە کاتێک کەسێک قسەی بۆکردن ، پێیبڵێن: کوا چۆن ئەوە دەکەیت و چیمان بۆ دەکەیت؟ ئەمەیە وادەکات، هەم حوکمڕان نەمربێت و هەم خەڵکیش وەک قەرەج نەمرن!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP