دواین هەواڵ

مادام ئێوە دەڵێن "ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێ"، کەواتە منیش دەڵێم "کوردستانی نوێ"

‌مەیسەم مورادی

20 کاتژمێر پێش ئێستا

کورد لە ململانێیەکی قورسدایە. ئیسرائیل و ئەمریکا، قەت یەکەی سیاسی بۆ کورد دروست ناکەن. ئەوە کوردە کە دەبێت خۆی بسەپێنێت بەسەر وڵاتاندا و "واقیع" دروست بکات. لەم کاتەدا کە لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، باسی "ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێ" دەکرێت، بەڵام دەرگا بۆ کورد لەو کۆبوونەوانەدا ناکرێتەوە. کورد ناچارە ببێت بە خاوەن ماڵ، نەک میوان. کاتێک ڕێگە بە کورد نادرێت وەک میوان بەشداری ئەو کۆبوونەوانە بکات، دەبێت خۆی کۆبوونەوە بگرێت و ببێتە خاوەن ماڵ. لەم ئاراستەیەدایە کە کورد دەتوانێت بوونی خۆی بسەپێنێت و مەرجی سەرکەوتن و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێ، بەچارەسەرکردنی پرسی کوردەوە گرێ بدات. ئەمەش ئاسان نییە، بەڵام کاتێک دەبینرێت کورد وەک جاران ئۆبژەیەکی سیاسی نییە و بەپێداگری خۆی، بووە بە سوبژەیەکی سیاسی، کە بڕیار دەدات، نەک بڕیاری بۆ بدەن. ئەمجۆرە لە نمایشە سیاسییانە، لە خاڵی کۆتاییدا دەتوانێت کاریگەریی ئەرێنی هەبێت لەسەر ئاراستەکردنی بڕیارە گەورەکان سەبارەت بە داهاتووی سووریا، تورکیا، ئێران و عێراق. 

لێ، دیداری مەسرور بارزانی و مەزڵووم عەبدی، لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەروەها بەشەفافی باسکردنی دیدگای کورد بۆ داهاتووی سووریا، سەنگی کورد زیاتر دەکات و دەبێتە هۆی سەپاندنی کورد بەسەر گۆڕانکارییەکاندا و تەنانەت واقیعێک دروست دەکات بەناوی "پرسی کورد"، کە دەوڵەتانێک وەک تورکیا و ئێران، هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن، بەشاراوەیی بیهێڵنەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP