هەرێم نیوز
دواى ئەوەى پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە رۆژی 11ـى تشرینى دووەمی ئەمساڵ کۆتایی هات، هات و هاوار و تاى هەڵبژاردن و کارکردن بۆ کۆکردنەوەى زۆرترین دەنگ گەشتە کۆتایی و هەندێکى دڵخۆشکرد و هەندێکى دیکەى خەمبارکرد بەوەى نەیانتوانی تەنها یەک کورسیش بەدەستیهێنن، بەڵام لە هەمووى سەیرتر ئەو ژمارە کاندیدە بوون کە تەنها دەنگی خۆیان بەدەستهێنابوو! بەهەر حاڵ سوپرایزی هەڵبژاردنەکەى بۆ چاڵێنجەکەى پارتى دەرچوو کە گوتیان دەنگەکان دەگەیەنینە یەک ملیۆن، بەڵام دواجار دەرکەوت لە ملیۆن زیاتری هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمساڵ نە کەس باسی دیزاینى کرد و نەکەسیش پرۆسەکەى بە شکستخواردوو لەقەڵەم دا، ئەوەش هەنگاوێکی ئەرێنی بوو بۆ پرۆسەکە و پێدەچێت جار لە دواى جار هەڵەکان راستبکرێنەوە و ئاسانکارییەکان زیاتر ببن، هەرچۆنێک بێت ئێستا خەڵک بەدواى ئەوەدا دەگەڕێت کە ئەو نوێنەرانە چییان بۆ دەکەن و پرۆسەکە دەگەیەننە کوێ؟
لەبارەى نوێنەرەکانى کوردەوە لە بەغداد ژمارەیەکى زۆر چاوەڕوانییان لێدەکرێت و ئەوەش هێندەى تر ئەرکیان قورستر دەکات، چوون ئەگەر ئەرکی هەر پەرلەمانتارێکى عێراقى لە چوارچێوەی کارەکانى پەرلەماندا بخولێتەوە، ئەوا ئەرکی نوێنەرانى کورد چەند بەرامبەرى ئەوانە، چوون سەرەڕاى ئەوەى کارى پەرلەمانى دەکەن، دەبێت ئاگایان لە بابەتە نەتەوەیی، نیشتمانى، بژێوی و شایستە داراییەکانى خەڵکی کوردستانیش بێت.
بە گوێرەى گوتەى شارەزایان، کارەکانى پەرلەمانتار لە چەند کارێک تێپەڕناکات، بۆ ئەوەى بزانرێت دەبێت نوێنەرانى کورد چی بکەن بۆ ئەمەودواى دەبێت کەمێک لە سەر ئەو بابەتە راوەستین:
یەکەم: دانانى یاسا و هەموارکردنەوەى:
یەکەم ئەرکی پەرلەمانتار ئەم بابەتەیە، بۆیە دەبێت شارەزاییەکی باش پەیدابکەن لە یاساو چۆنیەتى داڕشتن و هەموارکردنەوەى، هەر هیچ نەبێت بکەونە راوێژ و راگۆڕینەوە و دیاریکردنى کەسانى پسپۆڕ وەک راوێژکاری یاسایی بۆ ئەوەى لەو رێگەیەوە گۆڵیان لێنەکرێت و دواجار بەسەر خۆیان و پرۆسەکەو تەنانەت کوردیشدا بشکێتەوە.
دووەم: چاودێریکردنى حکومەت:
دواى ئەوەی حکومەت بەرنامەى کارى خۆی لە رێگەى یاساى بودجەوە دەخاتە بەردەستى پەرلەمانتاران دەبێت ئەوان هێندە وتووریابن کە بزانن کامەیان لەبەرژەوەندی خەڵکەکەى خۆیانە و کامەیان لەمپەری لەبەردەمدا دروستدەکرێت و ناهێڵرێت جێبەجێبکرێت. هەربۆیە لەم بوارەشدا پێویستیان بە شارەزایی و راوێژ هەیە.
سێیەم: پەسەندکردنى بوودجە:
کارو پرۆژەکانى هەموو حکومەتێکى تەکنۆکرات لەسەر ئەو بودجەیە رێکدەخرێت کە لەڕێگەى دامەزراوە و وەزارەتەکانیەوە پێشکەش بە پەرلەمان دەکرێت بۆ رەزامەندی و گفتۆلەسەر کردنى، ئەمەش یەکێکی ترە لە ئەرکە گەورەکانى نوێنەرانى کورد کە کارى لەسەر بکەن، بۆ ئەوەى شایستە داراییەکانى کوردستانی تێدا جێبکەنەوە و بیخەنە نێوپرۆژەى کارەکانیان.
چوارەم: پێدانى متمانەوە لێسەندنەوەى:
یەکێکى تر لە ئەرکە گرنگەکانى پەرلەمان پێدانى متمانەیە بە کابینەى حکومەت و وەزیرەکان و ئەو کەسانەى کە لە یاسادا دیاریکراون و دەبێت رەزامەندی پەرلەمانى لەسەر بێت، ئەمەش رێگەیەکی دیکەیە بۆ ئەوەى نوێنەرانى کورد سوودی سەرەکی لێببینن و لەو رێگەیەوە رێگریی بکەن لە شۆڤێنیەت و دیکتاتۆریەت و لە هەمان کاتیشدا هێنانە پێشەوەى خەڵکانى لەوان باشتر و دیاریکردنى بەرپرسانى کورد لە بەغداد بە باشترین شێوە.
ئەو چوار خاڵەى باسکرا کارە گشتییەکانى پەرلەمانتارانە کە هەریەکەیان دەکرێت بکرێتە هەلێکی باش و زێڕین بۆ ئەوەى بقۆزێنەوە بۆ خزمەتى خەڵکی کوردستان.
بەڵام ئەوەى کەماوە ئەوەیە لایەنە کوردستانییەکان (ئەوانى کە نوێنەریان دەرچووە) لە یەک کورسییەوە تا زۆرترین چۆن لەسەر بنەما نەتەوەیی و نیشتمانى و شایستە داراییەکانى کوردستان دەکەن، چوون زۆرینە رایان وایە ئەوان دەتوانن کاری سەرسوڕهێنەر بەدی بهێنن بەمەرجێک یەک دەنگ و یەک رەنگ بن و پێکەوە بوون بکەنە بنەماى کارکردن نەک پەرتەوازەیی، ئەرکی هێزە گەورەکانیشە بە پلەى یەکەم پارتى و پاشان یەکێتى کە لایەنەکانى دیکە کۆبکەنەوە و لەگەڵیان رێکبکەون بۆ ئەوەى پێکەوە بڕیار بدەن و هەڵوێست وەربگرن.
یەکێکى تر لە بابەتەکان ئەوەیە لایەنە کوردییەکان لەگەڵ کام لیست و کام پێکهاتە نزیکترەو دەتوانن پێکەوە بابەتە گرنگ و چارەنووس سازەکان تاووتوێ بکەن و رایى یەکتری لەسەر وەربگرن و دواجار بریاری لەبارەوە بدەن و ئەوەش هێزێکی دیکەشی پێویستە کە بە بڕواى شارەزایان دەبێت لە دەرەوەى پەرەلەمانەوە ئەم کارە بکرێت و پارتەکان کارى خۆیانى تێدا بکەن و دواجار بیکەنە پرۆژەى هاوبەش.
شارەزا عێراقییەکان پێیان وایە ئەم خولەى پەرلەمان کێشەى گەورەى لەبەردەمدایە یەکلایی بکاتەوە، جگە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەکان کە بەیەکێک لە لەمپەرە گەورەکان دادەنرێت و ماکی دواخستنى کۆبوونەوەکان و پێکهێنانى کابینەى نوێیە، بابەتەکانى بوون و مانەوەى هێزە بیانییەکان لەعێراق، کەمکردنەوەى دەسەڵاتى ئێران لە عێراق، کێشەى ئاو و گۆڕانکارییەکانى کەش و هەوا لەگەڵ تورکیا، کێشەى زیاتر لە 60 میلشیاى عێراقى کە هەریەکەیان دەتوانن کێشە بۆ پرۆسەى سیاسی و سەربازیی لەم وڵاتە دروستبکەن، کێشە ناوخۆییەکانی چوارچێوەى هەماهەنگی و یەکلایی بوونەوەیان لەسەر نوێنەرێک کە لە ئێستادا هێشتا بڕیاریان لەبارەوە نەداوە و جاروباریش ناوى نوێ دێننە پێشەوە، لە هەمان کاتیشدا لە نێو سونەکانیش بۆ سەرۆکایەتى پەرلەمانیش هەمان کێشە هەیە، ئیتر با کوردیش لەولاوە بوەستێت کە پرتەوبۆڵەى لەبارەوە هەیە.
بەبڕواى شارەزایانى عێراقى ئەو کەسەى دەبێتە سەرۆکوەزیرانى نوێ، جگە لە رەزامەندی ناوخۆیی و کۆکردنەوەى دەنگی تایبەت بۆی، پێویستى بە پشتیوانى ئەمریکا و هەندێک لە وڵاتانی تریش هەیە کە هەریەکەیان بەشێوەیەک لە شێوەکان لەنێو گۆانکارییەکانى عێراقدا هەیە. لە هەمان کاتدا باوەڕیشیان وایە سەقامگیریی عێراق کاریگەریی تەواوى دەبێت لەسەر رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بە پێچەوانەشەوە.